شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: ڕاسپاردە دوێنێ شەقامێ پێی وتم: ئەبم بە تابووتی هەتاو ئەبم بە کەلەبچەی دەستی گوڵ و ئەبم بە ڕیزە گوێزانی ژێر پیێ بەهار ئەبم بە ڕووباری گڕ و بە خەڵووزی خەونی ئێوە گەر ڕێ بدەن جارێکی تر شمشێرەکەی کوڕی «عۆجە» بێتەوە شار. لە ماڵەوەیش نان پێی وتم: ئەبم بە تەڵاش و بە بەرد ئەبم بە خۆڵ ئەبم بە پارووی مانگرتوو ئەبم بە تیکەی گریاوو بە قوڕقوشم بە قوڕگتانا ناچمە خوارێ تا چاوێکی بەعسیانەم لێوە دیار بێ. ئەمڕۆیش دەفتەرێ پێی وتم: ئەبم بە کفنی قەڵەم و فاقەی حەرف و بە گۆڕستانی گزنگ و بە زیندانی ئینفیرادی بۆ ئەستێرە گەر ڕێ بدەن جارێکی تر کەڵبەکانی قادسییە و قەعقاع بێنەوە بۆ ئێرە! ++++++++++++++++++++++