ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
ئەو پەنجەرەیە دامەخەن!
نەبادا گەر لێرە نەبووم
لە پڕێکدا ڕۆژێ.. شەوێ
لە سەردانێکی ناوەختا
«باد»ی خۆش مروری نالی
بە کەنەفتی
لەبەردەمی ژوورەکەمدا پەیدا بێت و
دابمێنێ و چاو بگێڕێ و ڕێگەی نەبێت بێتە ژوورێ! .

با ئەو قەڵەم و کاغەزە
هەر لەسەر ئەم
مێزە بن و لایان مەبەن!
ئەمە دنیایە و نەبادا لێرە نەبووم
لە ناکاودا، خەیاڵێکی ئاونگاویی
«مەولەوی» بێتە ژوورەوە و
بییەوێ لەبەر چراوگی
گریاناویی مانگەشەوێ
بۆ چاوەکانی هەڵەبجە
شیعرێکی تازە بنووسێ!
با ئەو شووشەی بادەیە هەر
لە جێی خۆی بێ و هەڵنەگیرێ
نەبادا گەر لێرە نەبووم
ئێوارەیەک، لە ناکاودا
(بێکەس) خۆی بکا بە ماڵدا.
با هەر لەسەر ئەم کورسییە
دابنیشێ و بەدەم خوێندنەوەی شیعرەوە
قوم قوم خەمی سپی و خەستی
بێکەسییەکەی خۆی بنۆشێ! .

با ئەو گیتارەیش هەر لەسەر
چرپاکەم بێ
هیچ کەس دەستی تێوە نەدا
نەبادا گەر لێرە نەبووم
لە ناکاودا
«ئازاد هەورامی» بێ بۆ لام
با بیبینێ و هەڵی بگرێ و
تا دێمەوە هەر خۆی تەنیا
ئاوازە زۆر غەمبارەکەی
«مراببوس»ی پێ لێدا!

با ئەو کتێبەی «حەللاج»یش
دیار بێ و هەروا لەسەر ئەم تاقە بێ
نەبادا گەر لێرە نەبووم
لە ناکاودا
«عبدالخالق» بێتە ماڵێ
با بیبینێ و تا دێمەوە
تەماشایکا و چاوەکانی
لە دێڕی خوێندا نوقوم کا!

با وێنەی ئەو منداڵانەیش
کەروێشکە بێ لانەکانی شاری کەرکووک
لەم دیوارە نەکرێتەوە
نەبادا من لێرە نەبم و لە بەغداوە
لە پڕ «فەرەیدون عەلی ئەمین» بێتەوە و
نەیانبینێ و چیرۆکێکی
ئێسک سووکی منداڵانمان لە کیس بچێ!
با ئەم دوو سێ ڕۆژەیش دەرگای
حەوشەکەمان لەسەر پشت بێ

نەبادا گەر لێرە نەبووین
- لەم جەژنی ڕاپەڕینەدا-
لە شەهیدانی نەناسراو
لە شەهیدانی بێماڵ و بێ ناونیشان
گەڕانەوە و ڕێیان کەوتە ئەم کۆڵانە
با بیبینن و گیر نەخۆن و
دەم بە خەندە و
خوێن بە خەندە
یەکە یەکە بێنە ژوورێ!

پەراوێز edit