شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: ماڵ ئەو پەنجەرەیە دامەخەن! نەبادا گەر لێرە نەبووم لە پڕێکدا ڕۆژێ.. شەوێ لە سەردانێکی ناوەختا «باد»ی خۆش مروری نالی بە کەنەفتی لەبەردەمی ژوورەکەمدا پەیدا بێت و دابمێنێ و چاو بگێڕێ و ڕێگەی نەبێت بێتە ژوورێ! . با ئەو قەڵەم و کاغەزە هەر لەسەر ئەم مێزە بن و لایان مەبەن! ئەمە دنیایە و نەبادا لێرە نەبووم لە ناکاودا، خەیاڵێکی ئاونگاویی «مەولەوی» بێتە ژوورەوە و بییەوێ لەبەر چراوگی گریاناویی مانگەشەوێ بۆ چاوەکانی هەڵەبجە شیعرێکی تازە بنووسێ! با ئەو شووشەی بادەیە هەر لە جێی خۆی بێ و هەڵنەگیرێ نەبادا گەر لێرە نەبووم ئێوارەیەک، لە ناکاودا (بێکەس) خۆی بکا بە ماڵدا. با هەر لەسەر ئەم کورسییە دابنیشێ و بەدەم خوێندنەوەی شیعرەوە قوم قوم خەمی سپی و خەستی بێکەسییەکەی خۆی بنۆشێ! . با ئەو گیتارەیش هەر لەسەر چرپاکەم بێ هیچ کەس دەستی تێوە نەدا نەبادا گەر لێرە نەبووم لە ناکاودا «ئازاد هەورامی» بێ بۆ لام با بیبینێ و هەڵی بگرێ و تا دێمەوە هەر خۆی تەنیا ئاوازە زۆر غەمبارەکەی «مراببوس»ی پێ لێدا! با ئەو کتێبەی «حەللاج»یش دیار بێ و هەروا لەسەر ئەم تاقە بێ نەبادا گەر لێرە نەبووم لە ناکاودا «عبدالخالق» بێتە ماڵێ با بیبینێ و تا دێمەوە تەماشایکا و چاوەکانی لە دێڕی خوێندا نوقوم کا! با وێنەی ئەو منداڵانەیش کەروێشکە بێ لانەکانی شاری کەرکووک لەم دیوارە نەکرێتەوە نەبادا من لێرە نەبم و لە بەغداوە لە پڕ «فەرەیدون عەلی ئەمین» بێتەوە و نەیانبینێ و چیرۆکێکی ئێسک سووکی منداڵانمان لە کیس بچێ! با ئەم دوو سێ ڕۆژەیش دەرگای حەوشەکەمان لەسەر پشت بێ نەبادا گەر لێرە نەبووین - لەم جەژنی ڕاپەڕینەدا- لە شەهیدانی نەناسراو لە شەهیدانی بێماڵ و بێ ناونیشان گەڕانەوە و ڕێیان کەوتە ئەم کۆڵانە با بیبینن و گیر نەخۆن و دەم بە خەندە و خوێن بە خەندە یەکە یەکە بێنە ژوورێ! ++++++++++++++++++++++