ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
ئەمە باهۆزی مردنە؟
یاخود کۆستێکی باڵدارە
بەم بەیانییە خەواڵووە
لە دەربەندی بەهارێکی ترساوەوە
بە نێو تان و پۆی هاوار و زریکەمدا
ئەئاژوێت و
تیژتر لە چاوی شەیتان و
ڕەقتر لە تۆڵەی تەتەر و
مۆنتر لە قاقای هۆلاکۆ
بەرەو کاولاشی ڕووناکیم دائەگەڕێ!
ئەمە باهۆزی مردنە؟
یان تەپاوتلی مێژوومە؟
یان خل بوونەوەی دۆزەخەو
لە تەوقەسەری بەهەشتی
وڵاتێکی بێخواوەند و کەساسەوە
بەرەو ڕۆحم دائەگەڕێ!
لەم مەرگە ساردەدا
بە لووزە و
بە لووزە و
شارانم ئەڕژێنە ناو چیا و دۆڵەوە و
وەک خوێنی باخانم کوت و پڕ ئەمەیێن! .
لەم وەرزە وێڵەدا
هەر بە پۆل
هەر بە پۆل
لە شەوی زەردە «با» و
باوەشی بەفرێکی ڕەشپۆشدا
وەک کۆتر
منداڵ و
کارژۆلە و
پەلکە گیام
هەڵاڵە و گۆرانیی و شیعریشم
ڕەق هەڵدێن! .
لەم مێژووە تاریک و قووڵەدا
بە هێشوو
بە هێشوو
گۆی مەمک و گێلاس و
تەماشا و هاوارم
ئەوەرێن!
ئەبینن؟ ! وا دیسان ڕابوردوو
بە خۆی و گۆچانی تاریکیی دەستیەوە
دێتەوە ناومان و فوو ئەکا
لە چرای دیوارکۆی ڕۆحمان و
سەعاتی هەتاوی دواڕۆژمان ئەدزێ!
ئەبینن؟ !
بەغدا داوە و.. کەچی قاچم ئەچێ بۆ لای،
بەغدا پەتی سێدارەیە و کەچی ملم ئەچێ بۆ لای.
بەغدا پەرداخێ ژەهراوەو
کەچی دەستم وا خەریکە هەڵیبگرێ.
بەغدا درۆیەکی لووسە و
کەچی دەمم وا خەریکە قووتی بدا
بەغدا تاتەشۆری گوڵ و هەقە و کەچی
منیش ئەیکەم
بە ئاوێنە و بە ئینجانە! .
بەغدا قفڵێکی ژەنگ گرتووی
لە زاری عێراق دراوە و
من ئەمەوێ بە ددانم بیکەمەوە.
بەغدا تۆڕی ماف گرتنە و
قولاپە بۆ زەردەخەنەی
کانی و زنەم
کەچی ماسییە سوورەی دڵم
وا خەریکە پێوەی ببێ! .
دە بڕوانن:
سووڕانەوەی هەمان بازنەی چەقۆیە
بە چواردەوری سەرو ملما.
گەڕانەوەی تارمایی هەمان داڵاشی خەلیفەیە.
هاتنەوەی هەمان دۆڵپایە
گرتنەوەی هەمان پەتایە.
دەبارە بوونەوەی هەمان
عیشقی کوێر و فاقەی ڕێیە.
بیست بارە بوونەوەی هەمان
بەڵێنی: شیر و شمشێر و
گەشتی «سمکۆ» و
دوا شێوی سەرای «شنۆ»یە.
چل بارە بوونەوەی هەمان
لە بێژنگدا ئاوهێنانە
شەست بارە بوونەوەی هەمان
ماچی نێوان ژەهر و نانە
سەد بارە بوونەوەی هەمان
دیمەنی ئەو کورسییەیە
کە پێکەنینی «قاسملو»ی
لەسەر دانیشت!
سەد بارە بوونەوەی هەمان دەمامکی جاری جارانە
هەمان.. هەمان
هەمان تەقینەوەی ئێوارەکەی «حاجی هۆمەران»ە!!

پەراوێز edit