شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: ڕەو- بەغدا ئەمە باهۆزی مردنە؟ یاخود کۆستێکی باڵدارە بەم بەیانییە خەواڵووە لە دەربەندی بەهارێکی ترساوەوە بە نێو تان و پۆی هاوار و زریکەمدا ئەئاژوێت و تیژتر لە چاوی شەیتان و ڕەقتر لە تۆڵەی تەتەر و مۆنتر لە قاقای هۆلاکۆ بەرەو کاولاشی ڕووناکیم دائەگەڕێ! ئەمە باهۆزی مردنە؟ یان تەپاوتلی مێژوومە؟ یان خل بوونەوەی دۆزەخەو لە تەوقەسەری بەهەشتی وڵاتێکی بێخواوەند و کەساسەوە بەرەو ڕۆحم دائەگەڕێ! لەم مەرگە ساردەدا بە لووزە و بە لووزە و شارانم ئەڕژێنە ناو چیا و دۆڵەوە و وەک خوێنی باخانم کوت و پڕ ئەمەیێن! . لەم وەرزە وێڵەدا هەر بە پۆل هەر بە پۆل لە شەوی زەردە «با» و باوەشی بەفرێکی ڕەشپۆشدا وەک کۆتر منداڵ و کارژۆلە و پەلکە گیام هەڵاڵە و گۆرانیی و شیعریشم ڕەق هەڵدێن! . لەم مێژووە تاریک و قووڵەدا بە هێشوو بە هێشوو گۆی مەمک و گێلاس و تەماشا و هاوارم ئەوەرێن! ئەبینن؟ ! وا دیسان ڕابوردوو بە خۆی و گۆچانی تاریکیی دەستیەوە دێتەوە ناومان و فوو ئەکا لە چرای دیوارکۆی ڕۆحمان و سەعاتی هەتاوی دواڕۆژمان ئەدزێ! ئەبینن؟ ! بەغدا داوە و.. کەچی قاچم ئەچێ بۆ لای، بەغدا پەتی سێدارەیە و کەچی ملم ئەچێ بۆ لای. بەغدا پەرداخێ ژەهراوەو کەچی دەستم وا خەریکە هەڵیبگرێ. بەغدا درۆیەکی لووسە و کەچی دەمم وا خەریکە قووتی بدا بەغدا تاتەشۆری گوڵ و هەقە و کەچی منیش ئەیکەم بە ئاوێنە و بە ئینجانە! . بەغدا قفڵێکی ژەنگ گرتووی لە زاری عێراق دراوە و من ئەمەوێ بە ددانم بیکەمەوە. بەغدا تۆڕی ماف گرتنە و قولاپە بۆ زەردەخەنەی کانی و زنەم کەچی ماسییە سوورەی دڵم وا خەریکە پێوەی ببێ! . دە بڕوانن: سووڕانەوەی هەمان بازنەی چەقۆیە بە چواردەوری سەرو ملما. گەڕانەوەی تارمایی هەمان داڵاشی خەلیفەیە. هاتنەوەی هەمان دۆڵپایە گرتنەوەی هەمان پەتایە. دەبارە بوونەوەی هەمان عیشقی کوێر و فاقەی ڕێیە. بیست بارە بوونەوەی هەمان بەڵێنی: شیر و شمشێر و گەشتی «سمکۆ» و دوا شێوی سەرای «شنۆ»یە. چل بارە بوونەوەی هەمان لە بێژنگدا ئاوهێنانە شەست بارە بوونەوەی هەمان ماچی نێوان ژەهر و نانە سەد بارە بوونەوەی هەمان دیمەنی ئەو کورسییەیە کە پێکەنینی «قاسملو»ی لەسەر دانیشت! سەد بارە بوونەوەی هەمان دەمامکی جاری جارانە هەمان.. هەمان هەمان تەقینەوەی ئێوارەکەی «حاجی هۆمەران»ە!! ++++++++++++++++++++++