ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس مێرگی زام مێرگی ھەتاو
٣. لە ناو قەفەزێکەوە
خەمم مەستە و خومارە چاوی تەنیاییم
لە گۆشەیەکی شین باوی، قەفەزینی
تووڵ ئاوریشمی ئەم «باڕ»ەدا
نیشتمانێکی ئاوارەم..
لەسەر کورسیی خۆرنشین و یاد دانیشتووم.
«بادە»یەکی ڕەنگ کەلەپۆ بە پەرداخێ
هێور.. هێور، گڕێکی سەوز، بەرئەداتە
پووشووی هەستم.
بادەیەکی ئەرخەوانیی:
«سەر»ی کردووم بە دەریاچەی
بەربارانی ڕەنگاوڕەنگ و
بیرەوەریشم بە کەشتی.
لە هەر کوێوە تێم بڕوانی: بەندەرێکی تەماویم و
هەر تەنیایی لەسەر ڕۆخی تەڕی گیانم دائەبەزێ و
هەر تەنیاییش لەگەڵ چارۆگەی خەیاڵما
هەتا ئەودیو سنووری ئاو بەڕێ ئەکەم.
لە گۆشەیەکی شین باوی، قەفەزینی تووڵ ئاوریشمی
ئەم باڕەدا، هێشووی دارمێوێکی ژانم
بەسەر حەوزی پڕ لە ماسیی زەرد و سووری
خەونەکانما، شۆڕ بوومەوە..
لەولایشەوە، دەستە زەردەکانی پاییز
پەنجەی ڕەقەڵە و درێژی، دەنک.. دەنک
لە تەمەنم ئەکەنەوە.
ئا لەم گۆشە شین باوەدا
من گریانێکی گرمۆڵەی تاراوگەم و
بادەی کڵپە ئەخۆمەوە!
***
- ئێوارەت باش
- ئێوارەت باش..
ئەی تاڤگە قژ زەردەکەی «ستۆکهۆڵم»!
ئەی کیژۆڵەی: لە نۆبەرەی یەکەم ڕێواس ناسکتر و
لە پوونگەی ناو گوڵەزەردی
لێوار کانیش، بۆن خۆشترم!
«سەر مێزەکەی پاککردەوە و پەرداخێکی تری دانا»
وەک لە خەونێکی ڕابووردووی شیعرەکانما
ئائەم فریشتە سپییەم، دیبێت وایە.
وەکوو زووتر خۆم لە ئەستێرکی پرشنگی
ئەفسووناویی ئەو چاوانە هەڵکێشابێ وایە، لە کوێ؟ !
لە کوێ؟ ! لەکوێ؟ ! ..
لە «باڵەک» بووم، لەبەرچاوی دارستان و
باڵندەکان دابوومە کێو
گرفتاری عەشقی بەرد بووم.
هەگبەیەکی نان و شیعرم بە کۆڵەوە
هەورازێکی دڕم ئەبڕی
ڕەشماڵێکی دوور ئۆخژنی
تێزانە ناو چاوانمەوە.
لەسەر ترۆپک. کزەبایەک دای لەسەر و ملی داغم
خۆم بووم بە مێرگی کازیوە و
حەرفەکانی ناو هەگبەیشم بوون بە شەونم
من گەیشتمە بەر ڕەشماڵ و
هەر ئەم پەرییە بوو دەرکەوت
لەو وەختەدا درەختێکی تۆزاویی بووم
ئەویش ئاوێنەی گۆمێکی مەکس و ڕوون و
تیا حەپەسام!
- دیارە ماندوویت؟ !
'مێخێکی تری دەوار بووم.. بە عیشقەوە داکوترا بووم،
شیعرێ بووم لاڵ.. چی ئەبینم؟ ! '
ویستم بۆ ئەو مانگەشەوە
ببم بە ڕووباری وشە.. نەم ئەتوانی!
ویستم دەنگم، گەرووم.. بکەم بە هێلانەی
ئەو کۆترە شینکانەی چاوی.. نەم ئەتوانی! .
زوبان وەکوو قەڵەمێ بێ و لێم ون بووبێ.. بۆی ئەگەڕام!
من ڕەق بوو بووم
بووبووم بەدار قەزوانێکی تری دەوری هۆبە و ڕەشماڵ.
- دیارە ماندوویت.. گەلێ ماندوویت؟
- وەکوو ئەسپێکی زۆر شەکەت!
«ئەو پێکەنی»
ئەمە پێکەنینی بەفرە؟ ! یان کوردستان
- تینووت نییە؟ ! .. ئەی دۆت ئەوێ؟ !
- هێندەی چەمی وشکی دامێنی ئەم شاخە
من تینوومە!
«جارێکی تر پێکەنییەوە»
ئەمە تریقەی کانییە؟ !
یاخود قاقای دار سنەوبەر؟ !
-هۆ.. هۆکاڵێ.. کچێ کاڵێ!
ئەوە مردوویت؟ ! وەرە بەلای
ئەو بەرغەلە شێتانەوە!
(دەنگی قرخی پیرەمێردێ
لەودیو هۆبەو ڕەشماڵەوە
مانگی قژ زەردی داچەڵەکان.
کاسە دۆکەی دایە دەستم و ڕۆی تێپەڕی و
وەکوو، هەورێکی سەرگەردان خۆم مامەوە! )
ئەمە هەر هەمان قەڵبەزە قژ زەردەکەی
لای باڵەکە؟ ! جارێکی دی ئەڕژێتەوە نێو خەونی من؟ !
ئەمە هەر هەمان شەمامەی دار هۆنراوەی
ئەو جارەیە.. لە ئازارما ئەڕوێتەوە جارێکی تر؟ !
ئەمە گمەی هەمان ئەوینی سپییە
هاتۆتەوە و کونەشاخی غەریبیمی،
کردۆتەوە بە هێلانە؟ !
ئەمە هەر هەمان کزەبای
دەنگ و ڕەنگی ئەو جوانەیە
لە دەربەندی ئەفسانەوە
هاتۆتەوە و ئەداتەوە
لە کەڵە پشکۆی ئەم «سەر»ەو
ئەمکاتەوە بە بارانی گوڵاڵەی تر؟ !
ئەمە هەر هەمان شمشاڵە
کە زامەکانم ئەیژەنی؟ !
هەمان هێرۆی سەر لق سپی بەر ڕەشماڵە؟ !
هەمان کوێستانی گۆرانیی؟ !
وا لە گۆشەی شین باوەوە
لە نێوان تووڵی ئاوریشمی
ئەم قەفەزە زیوینەوە
کڵاو کوڕڕەیە قەڵەمم و.. سەیری ئەکەم.
ئەو پێستە بەفرە ژیلکەیە و
وەردی هۆنراوەی سپییە و
منیش هەر چینەی تیائەکەم، سەیری ئەکەم
وەکوو شەقامی بەرباران
من تەماشام ئێستە تەڕە و
زەردەخەنەی کراس زەردی
«کاڵێ»ی ئێرەی پێدا ئەڕوا.
من ڕەشماڵی خەیاڵێکی فێنکی ئەم گۆشە شینەم
هەموو جارێ لە بوولێڵدا «کاڵێ»ی باڵەک
ئەبینمەوە، بووە بە گوڵ ئەستێرەیەک
بازن لە دەست، دێت و سەرێکم لێ ئەدا! .
من ئەو باڵندە غەریبەم
ئازادیم وا لەم قەفەزە شین باوەدا.
هەموو ئاسۆی هەڵفڕینم
لە دوو چاوی جوانێکدایە و
هەرچی ڕووبار و زەریایشمە
وان لە تاقە پەرداخێکدا! ..

پەراوێز edit