ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس مێرگی زام مێرگی ھەتاو
٢. دووکەڵی گوڵگرتوو
مەگەر ڕۆح باڵندەی ئەفسانە و.. وڵاتی خەو نییە؟ !
بۆ ئەوەی پێت بگەم، بچمە ناو تەلیسمی چاوتەوە
بۆ ئەوەی کاژی «شوێن» فڕێدەم
وەک سەعات
زەمانیش ورد و خاش بکەم و لەوپەڕی گەردووندا
هەواری ڕەهایی هەڵبدەم..
هەنووکە وام لە پشت گەواڵە هەورێکی نارنجیی شیعرەوە
وەستاوم، کاکۆڵم: گزنگە و تەوێڵم: ئاوێنەی داستان و
بەژنم: تەم.
من پەنجەی خواوەندی گومان و دوودڵی پەنجەمە و
سیحری تۆ دەفتەرمە و
بە نووری عەشقێکی دۆزەخیی و
بە نووکی ئەستێرەی مەرگی خۆم ئەنووسم.
ئەوەتا بمبینە: تێکەڵم لە گوڵ و خۆڵەمێش
لە بەرد و لە دار و، شنەبا و، لە باهۆز
ئاوێتەم: ئاوم و ئاگرم و خاک و خۆڵ
شەختەم و ئەسووتێم.
دووکەڵم و گوڵ ئەگرم.
ڕقێکم نیان و خۆرێکم تاریک و
شەوێکم سپی و سۆڵ.
گوناهم و لە نوێژی ئەویندا ئەکوژرێم! .
مەگەر ڕۆح باڵندەی ئەفسانە و.. وڵاتی خەونییە؟ !
مەگەر من دەروونم ئاسمانی مەحاڵ و کیشوەری ئازار و
چاوانم دووباڵی فڕینی
نەهێنیی شەو نییە؟ !
لێرەوە «زمان»ێ ئەڕوێنم
یەک و سەد نوێ ببڕێ..
لەم کێڵگەی خەیاڵ و فەرهەنگە شینەدا،
بەرد ڕاکا و باڵ بگرێ
لە چاوما مانگ بنوێ
لەسەرما بارانی ڕەنگاڵە داکات و
لە ژوورما منداڵییم بە شانی
ئیستەمدا هەڵگەڕێ
مەگەر ڕۆح باڵندەی ئەفسانە و.. وڵاتی خەونییە؟
مەگەر تۆ رۆحم نیت؟ !

پەراوێز edit