شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: لە ناو قەفەزێکەوە خەمم مەستە و خومارە چاوی تەنیاییملە گۆشەیەکی شین باوی، قەفەزینی تووڵ ئاوریشمی ئەم «باڕ»ەدا نیشتمانێکی ئاوارەم.. لەسەر کورسیی خۆرنشین و یاد دانیشتووم. «بادە»یەکی ڕەنگ کەلەپۆ بە پەرداخێ هێور.. هێور، گڕێکی سەوز، بەرئەداتە پووشووی هەستم. بادەیەکی ئەرخەوانیی: «سەر»ی کردووم بە دەریاچەی بەربارانی ڕەنگاوڕەنگ و بیرەوەریشم بە کەشتی. لە هەر کوێوە تێم بڕوانی: بەندەرێکی تەماویم و هەر تەنیایی لەسەر ڕۆخی تەڕی گیانم دائەبەزێ و هەر تەنیاییش لەگەڵ چارۆگەی خەیاڵما هەتا ئەودیو سنووری ئاو بەڕێ ئەکەم. لە گۆشەیەکی شین باوی، قەفەزینی تووڵ ئاوریشمی ئەم باڕەدا، هێشووی دارمێوێکی ژانم بەسەر حەوزی پڕ لە ماسیی زەرد و سووری خەونەکانما، شۆڕ بوومەوە.. لەولایشەوە، دەستە زەردەکانی پاییز پەنجەی ڕەقەڵە و درێژی، دەنک.. دەنک لە تەمەنم ئەکەنەوە. ئا لەم گۆشە شین باوەدا من گریانێکی گرمۆڵەی تاراوگەم و بادەی کڵپە ئەخۆمەوە! *** - ئێوارەت باش- ئێوارەت باش.. ئەی تاڤگە قژ زەردەکەی «ستۆکهۆڵم»! ئەی کیژۆڵەی: لە نۆبەرەی یەکەم ڕێواس ناسکتر و لە پوونگەی ناو گوڵەزەردی لێوار کانیش، بۆن خۆشترم! «سەر مێزەکەی پاککردەوە و پەرداخێکی تری دانا» وەک لە خەونێکی ڕابووردووی شیعرەکانما ئائەم فریشتە سپییەم، دیبێت وایە. وەکوو زووتر خۆم لە ئەستێرکی پرشنگی ئەفسووناویی ئەو چاوانە هەڵکێشابێ وایە، لە کوێ؟ ! لە کوێ؟ ! لەکوێ؟ ! .. لە «باڵەک» بووم، لەبەرچاوی دارستان و باڵندەکان دابوومە کێو گرفتاری عەشقی بەرد بووم. هەگبەیەکی نان و شیعرم بە کۆڵەوە هەورازێکی دڕم ئەبڕی ڕەشماڵێکی دوور ئۆخژنی تێزانە ناو چاوانمەوە. لەسەر ترۆپک. کزەبایەک دای لەسەر و ملی داغم خۆم بووم بە مێرگی کازیوە و حەرفەکانی ناو هەگبەیشم بوون بە شەونم من گەیشتمە بەر ڕەشماڵ و هەر ئەم پەرییە بوو دەرکەوت لەو وەختەدا درەختێکی تۆزاویی بووم ئەویش ئاوێنەی گۆمێکی مەکس و ڕوون و تیا حەپەسام! - دیارە ماندوویت؟ ! 'مێخێکی تری دەوار بووم.. بە عیشقەوە داکوترا بووم، شیعرێ بووم لاڵ.. چی ئەبینم؟ ! ' ویستم بۆ ئەو مانگەشەوە ببم بە ڕووباری وشە.. نەم ئەتوانی! ویستم دەنگم، گەرووم.. بکەم بە هێلانەی ئەو کۆترە شینکانەی چاوی.. نەم ئەتوانی! . زوبان وەکوو قەڵەمێ بێ و لێم ون بووبێ.. بۆی ئەگەڕام! من ڕەق بوو بووم بووبووم بەدار قەزوانێکی تری دەوری هۆبە و ڕەشماڵ. - دیارە ماندوویت.. گەلێ ماندوویت؟ - وەکوو ئەسپێکی زۆر شەکەت! «ئەو پێکەنی» ئەمە پێکەنینی بەفرە؟ ! یان کوردستان - تینووت نییە؟ ! .. ئەی دۆت ئەوێ؟ ! - هێندەی چەمی وشکی دامێنی ئەم شاخە من تینوومە! «جارێکی تر پێکەنییەوە» ئەمە تریقەی کانییە؟ ! یاخود قاقای دار سنەوبەر؟ ! -هۆ.. هۆکاڵێ.. کچێ کاڵێ! ئەوە مردوویت؟ ! وەرە بەلای ئەو بەرغەلە شێتانەوە! (دەنگی قرخی پیرەمێردێ لەودیو هۆبەو ڕەشماڵەوە مانگی قژ زەردی داچەڵەکان. کاسە دۆکەی دایە دەستم و ڕۆی تێپەڕی و وەکوو، هەورێکی سەرگەردان خۆم مامەوە! ) ئەمە هەر هەمان قەڵبەزە قژ زەردەکەی لای باڵەکە؟ ! جارێکی دی ئەڕژێتەوە نێو خەونی من؟ ! ئەمە هەر هەمان شەمامەی دار هۆنراوەی ئەو جارەیە.. لە ئازارما ئەڕوێتەوە جارێکی تر؟ ! ئەمە گمەی هەمان ئەوینی سپییە هاتۆتەوە و کونەشاخی غەریبیمی، کردۆتەوە بە هێلانە؟ ! ئەمە هەر هەمان کزەبای دەنگ و ڕەنگی ئەو جوانەیە لە دەربەندی ئەفسانەوە هاتۆتەوە و ئەداتەوە لە کەڵە پشکۆی ئەم «سەر»ەو ئەمکاتەوە بە بارانی گوڵاڵەی تر؟ ! ئەمە هەر هەمان شمشاڵە کە زامەکانم ئەیژەنی؟ ! هەمان هێرۆی سەر لق سپی بەر ڕەشماڵە؟ ! هەمان کوێستانی گۆرانیی؟ ! وا لە گۆشەی شین باوەوە لە نێوان تووڵی ئاوریشمی ئەم قەفەزە زیوینەوە کڵاو کوڕڕەیە قەڵەمم و.. سەیری ئەکەم. ئەو پێستە بەفرە ژیلکەیە و وەردی هۆنراوەی سپییە و منیش هەر چینەی تیائەکەم، سەیری ئەکەم وەکوو شەقامی بەرباران من تەماشام ئێستە تەڕە و زەردەخەنەی کراس زەردی «کاڵێ»ی ئێرەی پێدا ئەڕوا. من ڕەشماڵی خەیاڵێکی فێنکی ئەم گۆشە شینەم هەموو جارێ لە بوولێڵدا «کاڵێ»ی باڵەک ئەبینمەوە، بووە بە گوڵ ئەستێرەیەک بازن لە دەست، دێت و سەرێکم لێ ئەدا! . من ئەو باڵندە غەریبەم ئازادیم وا لەم قەفەزە شین باوەدا. هەموو ئاسۆی هەڵفڕینم لە دوو چاوی جوانێکدایە و هەرچی ڕووبار و زەریایشمە وان لە تاقە پەرداخێکدا! .. ++++++++++++++++++++++