ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس تریفەی ھەڵبەست
٤٤. پەیامی وون بوو
ژیان: هێشتا کرچ و کاڵ بوو
زمانی ئەیگرت و لاڵ بوو.
گەردوون: تەمەنی مناڵ بوو.
خۆر: تازە چاوی ئەپشکووت.
مرۆڤ: تازە بیری ئەبزووت
پێغەمبەرانی خواناردوو..
ژمارەیان ئێجگار کەم بوو.
ئاسمان و ئەستێرە و دەریا
چیا و درەخت و گژ وگیا
تازە ئەبوون و ئەخوڵقان
بەسروشتەوە ئەلکان.
زەمین.. هێشتا
هاڵا و لەلەشی هەڵ ئەستا!
کە -ئاوێستا-
لەئاسۆی بیری زەردەشتا
بۆ کورد هەڵهات.
کە پەیامی.. ئاهورامزدا
لەلوتکەوە بانگی هەڵ دا
بۆ گشت دنیا
بوو بەئاوات! .
***
تا کورد خاوەن ئاوێستا بوو
خۆریشی لەژێر دەستا بوو.
هەتاکوو چرای ئاوێستا..
دائەگیرسا
بەرچاوی بیرمان ڕووناک بوو
سەرچاوەی دەرونمان پاک بوو
بەڵام کە ئاوێستا.. برا
دزرا و گۆڕرا
بەنینۆکی ڕق و کینە
وشەی پیرۆزی لێ ڕنرا
مۆری بێگانەی پیانرا
ڕووناکیمان کەوتە کزیی
بەربووینەوە.. بەرەو نزمی
کە لەدەسمان چوو.. ئاوێستا
دەم و دڵ و بیرمان بەسترا
لەوساکەوە هەتا ئێستا! .

پەراوێز edit