شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: تریفەی ھەڵبەست سەرناو: پەیامی وون بوو ژیان: هێشتا کرچ و کاڵ بووزمانی ئەیگرت و لاڵ بوو. گەردوون: تەمەنی مناڵ بوو. خۆر: تازە چاوی ئەپشکووت. مرۆڤ: تازە بیری ئەبزووت پێغەمبەرانی خواناردوو.. ژمارەیان ئێجگار کەم بوو. ئاسمان و ئەستێرە و دەریا چیا و درەخت و گژ وگیا تازە ئەبوون و ئەخوڵقان بەسروشتەوە ئەلکان. زەمین.. هێشتا هاڵا و لەلەشی هەڵ ئەستا! کە -ئاوێستا- لەئاسۆی بیری زەردەشتا بۆ کورد هەڵهات. کە پەیامی.. ئاهورامزدا لەلوتکەوە بانگی هەڵ دا بۆ گشت دنیا بوو بەئاوات! . *** تا کورد خاوەن ئاوێستا بووخۆریشی لەژێر دەستا بوو. هەتاکوو چرای ئاوێستا.. دائەگیرسا بەرچاوی بیرمان ڕووناک بوو سەرچاوەی دەرونمان پاک بوو بەڵام کە ئاوێستا.. برا دزرا و گۆڕرا بەنینۆکی ڕق و کینە وشەی پیرۆزی لێ ڕنرا مۆری بێگانەی پیانرا ڕووناکیمان کەوتە کزیی بەربووینەوە.. بەرەو نزمی کە لەدەسمان چوو.. ئاوێستا دەم و دڵ و بیرمان بەسترا لەوساکەوە هەتا ئێستا! . ++++++++++++++++++++++