ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس تریفەی ھەڵبەست
٤٥. کە منداڵ بووم
١- گەڕەک:
قاپی تەختەی دوو دەروازە
هەر تاکێ، نەخشی جیاوازە
دوو ئەڵقەڕێزی بەدەس قورس
گۆپکەی زۆری ئاسن و مس.
بۆ چاوەزار
بۆ تەماشای دیاری ڕێبوار
بەسەر دیواری دەرگاوە
ناڵێکی زل داکوتراوە
مورووی شینی تێخراوە.
***
گوێسەبانەی نزمی نیشتوو
درەختی ناو حەوشەی هەڵچوو.
کۆڵانی تەنگ..
پەنجەرەی شووشە ڕەنگا ورەنگ.
دووکانی دەرگا لەسەر ماڵ
نەخشی خەت خەتێنی مناڵ.
سەکۆی درێژی ناو داڵان
ئاوڕشێنی ڕێی بەر ماڵان.
مێوی سەر حەوزی بن فێنک
هێشووی پڕ چنگ.
گۆزەی ژێر سێبەری.. تەزیو
تۆوی هەڵوەریو
هێلانەی سەر پێشی هەیوان
بۆ کۆتری نەشیملە و جوان
تاشە بەفری پێشی دووکان
چیخ و مانگەشەوی سەربان.
***
ژووری گەورە، کەللەگی ناو
چاک سواغ دراو
بەچوار دەورا ڕەفەی درێژ
چینی و کاشی لەسەر ڕیزە
بەرماڵی نوێژ
هەڵواسراوە، زۆر ئازیزە.
مەوجی سەرنوێنی هەڵچنراو.
سەماوەری زەردی وارشاو.
تاقی قووڵی، زۆری دیوار.
باڵا ئاوێنەی بەرەو خوار.
***
باڵەخانەی پێش تەختە بەنگ
سەوز و سوور ڕەنگ
بەچاو تۆزێ خوار و لاسەنگ
بەسەر حەوشەی ناو گەڕەکا،
ئەڕوانێت و کەشخە ئەکا! .
***
پاشماوەی کۆنە گۆڕستان،
تاک تاک کێلی بەدەرەوە
مەرقەدی شەخس، ئاین پیران
بەیداخی سەوز بەسەرەوە.
شەویش مۆمێکی داگیرساو
لای کێلی ژوور سەر دانراو
دەوری مەرقەد ڕووناک ئەکا
نیزا بۆ پیاوی چاک ئەکا.
***
یان لەکەلاوەی چەپەکا
کە زۆرن لەناو گەڕەکا
دیمەنی شەڕە کەڵەشێر،
لەگەڵ یەکا
تا خوێن لەپۆپنە ئەتکا
تا یەکێکیان ئەکەوتە ژێر
تا لەتک و تاس ئەچۆوە
ئێوارەمان درەنگ ئەکرد،
چێشتەکانمان سارد ئەبۆوە.
***
=٢- شایی:
ڕۆژی شایی، هەر بەیانیی
بەردەم دەرگا، ناو کۆڵانی
سەر، سەربانی
ماڵی بووکێ یان هی زاوا
بەگشت ماڵی گەڕەک ئاوا
پڕ ئەبوو لە، جل زەرد و سوور
لەمیوانی گەڕەکی دوور
لەمناڵە ورتکەی گرۆز.
لەلاوی قۆز.
لەژنان و کچی گەڕەک.
لەبۆنی خۆش.
لەدەس گێڕی وردەفرۆش
کە قارس ئەبون بەناخوونەک! .
***
وا دەس بەردانی پیاوانە
نۆبەی هەڵپەڕکێی ژنانە
بۆ لای سەر گوێسەبانە
کاتی گەرمەی سەرنج دانە!
سووراوی زۆر، سپیاوی خەست
خەنەی قاچ و، بازنی دەست
کەوای تاقە، چەفتەی سوورمە
ورشەی دەسماڵی، تێل قرمە..
هاڕەی خشڵی زۆری خواسراو
چاوی بەکل ئێجگار ڕێژراو
لەرزەی ئاشق بەنگ و کرمەک
ورشە و پرشەی کراسی خامەک
مێخەک بەنگی تا ناوک شۆڕ
پانی بەرزی ڕەنگ مەیلە و مۆر
گۆبەرۆکی سوخمەی گوڵ گوڵ
لەگوڵ هێرۆ، ملوانکەی مل
***
جووڵە جووڵی، کابرای شایەر
بەدەس، بەسەر
پیاهەڵدانی بێ سەرووبەر
دزە دزەی ئێمەی مناڵ
بۆ بەستنی لکی دەسماڵ
تا ببینین..
تا پێکەنین..
بەو ئەنجامەی کە دەس بەردان
دەسماڵی لەیەک ئەئاڵان! .
***
=٣- نان خواردن:
مەنجەڵی گەورەی زنجیردار
بەچەند ژنێ ئەهاتە خوار..
پڕە مەنجەڵ و لێوان لێو..
تێکە یاپراخی گەڵامێو
غەڵبەی قسە، بانگی مناڵ
تەقە تەقی قاپی بەتاڵ
بەرنەکەوتن، بۆڵە و خوتە!
لەمریشک و لەپشیلە،
کشە و ختە!
دەوریی فڕان،
بۆ قوژبنی کەس پێ نەزان
گریانی مناڵ، نووکە نووک.
جێگەی سەغڵەت حەوشەی بچوک.
لەدەر.. لەقوژبنێکی کەلاوە
لەبەر سووری ئەو هەتاوە
چەند سواڵکەرێ برسی و داماو
سەریان بەیەکەوە ناوە
لەسەر یاپراخی هەڵوەشاو! .
٤- بووک بردن:
لەژوورەوە بووک ڕێک ئەخەن
ئەڵێن قەیرێکی تر ئەیبەن
وا هاتە دەر
تارا بەسەر
تارا: ڕەنگی ئەرخەوانیی
بووکیش: پەریی کوردستانیی
شەرم لەناو چاوی گەشا،
جوانی وا لەناو باوەشا.
تکەی ئارەقی سەر گۆنا
قەترەی شەونمە لەخوێنا! .
دوو پەری دەستیان گرتووە
کەمێ پێش خۆیان خستووە
وەکوو بەهار..
ڕازاوەیە بووکی نازدار
نەشمیلە و جوان
وەکوو کچی شیعری «گۆران».
***
بۆ تەماشای بووکێ کردن
پاڵەپەستۆیە و ڕەت بردن
جێگە تا بێ، تەنگ تر ئەبێ
سەربان و دەر پڕتر ئەبێ
دەنگی غەڵبە و زووڕنا و دەهۆڵ
ئەگاتە چۆڵ!
هەنگاوی ورد، نەرمە ڕۆشتن
وەستانی زۆر، ئارەق ڕشتن
ئەوا بەرەو ماڵی زاوا
شایی و بووک پێکەوە ئەڕوا
هەر لەپاش هەشت نۆ هەنگاوێ
نووچ دانێکی کەم، بۆ تاوێ
ئاوێنەی چوارچێوە تەختە
جیازیی بەختە
پشت لەخەڵکیی، ڕوو لەبووکە
دیمەنێکە ئێسک سووکە.
***
ماڵی ناو کۆڵانی سەر ڕێ
بۆ سەیر هاتوونە دەرێ..
خۆزگەی کچی شو نەکردوو
بەکزەوە مل لار گرتوو.
لەسەرنجی چاوا دیارە
ڕوو هێمنە
بەڵام دەروون بێقەرارە!
گۆمی ئارەزووی بێ بنە.
چرپەی کوڕان بەگوێی یەکا
نەهێنی قسە دەرئەخا!
لەپڕێکا پێکەنینێ،
نەهێنی دەرئەپەڕێنێ.
مناڵە ورتکەی بێشوومار
وەک گەڵای دار
هەتاکوو بن..
زۆرتر ئەبن..
نە بۆ بووکە و نە بۆ جوانیی
نە بۆ هەڵپەڕکێ و گۆرانیی
نە بۆ خۆشیی زەماوەنگە
نە بۆ کیژی شۆخ و شەنگە
وا شوێن کەوتوون
لەپێشەوە پێ هەڵگرتوون
بۆ نوقڵی ترش و شیرینە
بۆ ماجوومی ناو قەد شینە!
بۆ نۆک و خورما و حەڵوایە
کە ناو بەناو عانەی تیایە!!
***
=٥- کۆتایی:
شایی هەردوولا لەیەک دا
تێکەڵ بوون و لەیەکیان دا
زاوای مل قوتی پشتێن پان
چاوەڕوانە لەسەر، سەربان
ڕیشی زبر و سەر، تاشراوە
خۆشۆراوە..
جامانەی تازە بەستراوە.
کە بووک گەیشتە بەردەرگا
سمێڵی ڕەش، بزە ئەکا! .
بەقامیشێ..
تۆزێ قایم، کە نەیەشێ
بەسەری بووکا ئەکێشێ.
گوڵدان، گوڵاو ئەپرژێنێ! .
نوقڵ مناڵ ئەوروژێنێ
کوڕ و کچی حەزلێ کردوو
فرسەتە بۆیان دوو بەدوو!
وردە وردە گەرمەی ئاهەنگ
لەگەڵ تاریکایی هاتندا
سارد ئەبۆوە بۆ کۆتایی
لەگەڵ دەرگا داخستندا
شەوی خامۆش، ماڵ ئاوایی
ئەکرد لەگەڕەک و شایی.
بیرەوەرییە ڕابوردووە شیرینەکان، ئەم چەند وێنەیەیان بەشیعر پێ کێشام، یادگارە بۆ لەبیر نەچوونەوەیان.

پەراوێز edit