ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
ئەی شارەکەی گلێنەی چاو
بزەی لێوی هەڵقرچاوم!
ئەی بەهاری بەبێ هەتاو!
دایکی زۆر جار، سک سووتاوم.
پرسیم: هەواڵ..؟
وتیان: هاوینی بێشەماڵ.
وتم: توخوا ژیانەکەی؟
وتیان: تەڵخە ئاسمانەکەی.
پرسیم: ئەی چێژی نانەکەی؟
وتیان: وەک گاڵ.
تامێکی تاڵ.
وتم: مناڵەکان چۆنن؟
وتیان: هەموو گرژ و مۆنن!
وتم: ئەی باشە گەورەکان؟
وتیان: هەموو وەک کەڕ و لاڵ،
بەدەس یەکتری ئەدوێنن
خەم ئەچێنن
دڵ ئاوارە.
پرسیم: ئەی گردەکەی یارە؟
وتیان: دڕکی تیا ئەڕوێنن.
وتم: ئەی توخوا ئەرخەوان؟
وتیان: هەر بەسەوزی سووتان.
باشە.. گۆیژە؟
وتیان: ئەو هەر زوخاو ڕێژە.
ئەی سەرچنار؟
وتیان: لیخنە ئاوەکەی
پرسیم: ئەی باخی بەختیار؟
وتیان: بڵێ بووکی خەمبار.
باشە. سەیوان؟ !
وتیان: ئەو ڕێکە لەگەڵمان
ئەی شارەکەی نۆی حوزەیران!
تۆ سەیوانی، یان سەیوان تۆی؟ !
ئەی دوانزە مانگ گەڵارێزان
تاکەی جەرگی بەهار ئەخۆی..؟ !
ئەی شارەکەی ناو گۆمی خوێن
ڕاستە ئەڵێن:
لەناو دڵتا چقڵ ئەڕوێن؟ !
ڕاستە ئەڵێن:
کۆڵەوژی.. سوتا وو ڕەش؟ !
ئەنرێتە ناو چاوانی گەش؟ !
ئەی شارەکەی چقڵ سووتێن
دەنگ بڵاوە، ڕاستە ئەڵێن؟ .
جاڕچییەکی.. دەس بەپیلان؟ .
کەوتۆتە ناو جادە و کۆڵان
وەک قەلی ڕەش ئەقیڕێنێ
مناڵی خەڵق ئەترسێنێ؟
شوومە و نەگریس
چاوێکی کوێرە و ئەشەلێ
زەویی خراپە ئەکێڵێ
بنێشتی قسەی دەمی پیس
ئەجوێتەوە؟ .
دار بەتەڕی ئەبڕێتەوە..؟
دەغڵی سووتاو ئەدروێتەوە..؟ !
گۆپکەی چرۆ هەڵئەکۆڵێ؟
هەر کاتێ ئەو بانگی هەڵ دا
ئافرەت.. دەرگا.. خڕ.. دائەخا؟
مناڵ یاری بەجێ دێڵێ؟
بەشوومە جاڕ..
چۆڵ ئەبێ شار؟
ئەو.. ناشیانە.. بەکورد ئەڵێ:
من ئاوی چاکە ئەدێرم
ئێوە نابێ بڵێن کوێرم
نابێ بڵێن من ئەشەلم
بۆ کوێش چووم وەرن لەگەڵم
ئەی شارەکەی بەخەم تەل بەنگ!
هەڵۆی دڵ تەنگ
بیستم ئەڵێن: تاقمێ شێت
ماوەیەکە لێت پەیا بوون
زۆر گەوجانە ئەیانەوێت
شاخی گۆیژە و پیرەمەگرون
بنێن لەبار
بۆ بەرەو خوار
ئەی شارەکەی ئارام نەگر!
کەی لەکەی عارت ویستووە؟
ئەی چاوگی خوێن و ئاگر!
کەی ناپیاوت پەرستووە.
شارەکەم تاکەی بێدەنگی!
هەڵکە ڕەشەبای دەروونت
ڕاپێچیکە جاڕچی و «دەنگی»
نیشانم بە ئاسۆی ڕوونت..!

پەراوێز edit