ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس تریفەی ھەڵبەست
٤١. شەوانی نائومێدی
ئەمشەو ماتیی
وەک ئۆردویەکی شکاوی
لەتینوێتیا خنکاوی
ڕێی نەهاتیی.
یان وەک سیمای ئەو ئافرەتەی
بێچارەنوس و نەگبەتەی، بەرۆژئاوا
لەناکاوا
لەخورپەدا
شوومێ هەواڵی پێ ئەدا
ئەڵێ: ئەوا
تەرمی کۆرپە تاقانەکەت،
گلێنەی هەردوو چاوەکەت،
گەیشتە جێ
بکەوە ڕێ! .
ئەمشەو ماتیی
وەک ئەو ڕۆژەی قڕوقاتیی
هەموو دنیا بگرێتەوە
زەردەخەنەی لێوی ژیان
بەیەکجاری ببڕێتەوە
جامی ئومێدی دڵ و گیان
سەرەو نخون بکرێتەوە
ئاوا ماتیی
منی تەنیای گۆشەگیری
بۆ نەهاتی
تەمەن کاڵی
دەروون پیری
ژیان تاڵی،
گرتۆتەوە!!
ئاوا ماتیی
هەموو کاتێ
لەسەیوانی
پەرێشانی
گیانی منا ئەباتە سەر
وەکوو -ئەختەر-
چۆن پایزی
مات و زیزی
پەشۆکاوی
تروسکەی خۆش لێ بڕاوی
ئومێد و خۆزگە تاساوی
بۆ ساتێکیش نەکردە خەو،
ئاوا ماتیی، ماتیی ئەمشەو
منی تەنیای هێشتۆتەوە!
***
دە ئەی شەوی
بەبێ خەوی
منی ماتەم
ئەو ئاوازەی
پڕ لە ڕازەی
لەسەر دەمتە، مەیبڕەوە
چونکە تاسەم،
لەباوەشی خەما کفتە
وەک هەناسەم.
دە ئەی شەوی
مەرگی نەوی
گوڵی عومرم
قوڵپی دەروونی زۆر پڕم
جێم نەهێڵی
نەکەی ڕۆژم لێبێتەوە
من ئەمەوێ لەژێر باڵی
بێساماڵی
تاسە نۆشی،
تۆی بەئازار
هەتا ماوم بمێنمەوە
دەم بەهاوار
ببمە هاوڕێ و هاودەمی
ڕێگەی خەمی تۆی گرفتار!
من ئەمەوێ لەگەڵتا بم
لەتەکتابم
لەتاریکیی دەرونتا بم!
لەناو گیانی زەبوونتا بم!
توخوا نەکەی جێم بهێڵی:
دەبا تاریکیی ئەمشەوم
داپۆشێ ڕووناکی سبەی.
دەبا پرسەی گوڵی نەوم
خۆش کا شینی ئاخ و کسپەی.
دەبا فرمێسکی چاوانی
نائومێدیی تێر بڕێژم.
دەبا دڵم لەسەیوانی
جوانەمەرگیدا بنێژم.
توخوا نەکەی جێم بهێڵی:
من ئەمەوێ لەگەڵتا بم
لەتەکتابم
لەتاریکی دەروونتابم
لەناو گیانی زەبوونتابم!

پەراوێز edit