شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: تریفەی ھەڵبەست سەرناو: شارەکەم ئەی شارەکەی گلێنەی چاوبزەی لێوی هەڵقرچاوم! ئەی بەهاری بەبێ هەتاو! دایکی زۆر جار، سک سووتاوم. پرسیم: هەواڵ..؟ وتیان: هاوینی بێشەماڵ. وتم: توخوا ژیانەکەی؟ وتیان: تەڵخە ئاسمانەکەی. پرسیم: ئەی چێژی نانەکەی؟ وتیان: وەک گاڵ. تامێکی تاڵ. وتم: مناڵەکان چۆنن؟ وتیان: هەموو گرژ و مۆنن! وتم: ئەی باشە گەورەکان؟ وتیان: هەموو وەک کەڕ و لاڵ، بەدەس یەکتری ئەدوێنن خەم ئەچێنن دڵ ئاوارە. پرسیم: ئەی گردەکەی یارە؟ وتیان: دڕکی تیا ئەڕوێنن. وتم: ئەی توخوا ئەرخەوان؟ وتیان: هەر بەسەوزی سووتان. باشە.. گۆیژە؟ وتیان: ئەو هەر زوخاو ڕێژە. ئەی سەرچنار؟ وتیان: لیخنە ئاوەکەی پرسیم: ئەی باخی بەختیار؟ وتیان: بڵێ بووکی خەمبار. باشە. سەیوان؟ ! وتیان: ئەو ڕێکە لەگەڵمان ئەی شارەکەی نۆی حوزەیران! تۆ سەیوانی، یان سەیوان تۆی؟ ! ئەی دوانزە مانگ گەڵارێزان تاکەی جەرگی بەهار ئەخۆی..؟ ! ئەی شارەکەی ناو گۆمی خوێن ڕاستە ئەڵێن: لەناو دڵتا چقڵ ئەڕوێن؟ ! ڕاستە ئەڵێن: کۆڵەوژی.. سوتا وو ڕەش؟ ! ئەنرێتە ناو چاوانی گەش؟ ! ئەی شارەکەی چقڵ سووتێن دەنگ بڵاوە، ڕاستە ئەڵێن؟ . جاڕچییەکی.. دەس بەپیلان؟ . کەوتۆتە ناو جادە و کۆڵان وەک قەلی ڕەش ئەقیڕێنێ مناڵی خەڵق ئەترسێنێ؟ شوومە و نەگریس چاوێکی کوێرە و ئەشەلێ زەویی خراپە ئەکێڵێ بنێشتی قسەی دەمی پیس ئەجوێتەوە؟ . دار بەتەڕی ئەبڕێتەوە..؟ دەغڵی سووتاو ئەدروێتەوە..؟ ! گۆپکەی چرۆ هەڵئەکۆڵێ؟ هەر کاتێ ئەو بانگی هەڵ دا ئافرەت.. دەرگا.. خڕ.. دائەخا؟ مناڵ یاری بەجێ دێڵێ؟ بەشوومە جاڕ.. چۆڵ ئەبێ شار؟ ئەو.. ناشیانە.. بەکورد ئەڵێ: من ئاوی چاکە ئەدێرم ئێوە نابێ بڵێن کوێرم نابێ بڵێن من ئەشەلم بۆ کوێش چووم وەرن لەگەڵم ئەی شارەکەی بەخەم تەل بەنگ! هەڵۆی دڵ تەنگ بیستم ئەڵێن: تاقمێ شێت ماوەیەکە لێت پەیا بوون زۆر گەوجانە ئەیانەوێت شاخی گۆیژە و پیرەمەگرون بنێن لەبار بۆ بەرەو خوار ئەی شارەکەی ئارام نەگر! کەی لەکەی عارت ویستووە؟ ئەی چاوگی خوێن و ئاگر! کەی ناپیاوت پەرستووە. شارەکەم تاکەی بێدەنگی! هەڵکە ڕەشەبای دەروونت ڕاپێچیکە جاڕچی و «دەنگی» نیشانم بە ئاسۆی ڕوونت..! ++++++++++++++++++++++