ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
بەیانیی دییم، وەکوو بەهار، سەرلقی ئاڵ بوو
بۆ نەورۆزی، مژدەی ژیان، نێرگزی ساڵ بوو
گەشەی گیانی، لەباوەشی، دایکی شادییا
وەک جریوەی، دەم ئەستێرەی، خۆشی ساماڵ بوو!
***
بەیانی دییم، بزەی لێوی، وەکوو مانگەشەو
سەر ڕومەتی، گۆمی شینی، هیوای ماچ ئەکرد
جوانی سروشت، دنیا هەمووی، بۆ شۆخێتیی ئەو
لەبەر پێیا، دامابوون و، سوجدەیان ئەبرد!
***
ئێوارەش دییم، وەکوو پایز، کز و زەبوون بوو
لەشی جوانی، خۆراکی دڕک، بۆ زەبری بەرد بوو
بزەی لێو و، گەشەی گیان و، ئاواتی دەروون
نمێ فرمێسک، ئاخێکی قووڵ، ڕەنگێکی زەرد بوو!

پەراوێز edit