شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: تریفەی ھەڵبەست سەرناو: دوو وێنە بەیانیی دییم، وەکوو بەهار، سەرلقی ئاڵ بوو بۆ نەورۆزی، مژدەی ژیان، نێرگزی ساڵ بوو گەشەی گیانی، لەباوەشی، دایکی شادییا وەک جریوەی، دەم ئەستێرەی، خۆشی ساماڵ بوو! *** بەیانی دییم، بزەی لێوی، وەکوو مانگەشەو سەر ڕومەتی، گۆمی شینی، هیوای ماچ ئەکرد جوانی سروشت، دنیا هەمووی، بۆ شۆخێتیی ئەو لەبەر پێیا، دامابوون و، سوجدەیان ئەبرد! *** ئێوارەش دییم، وەکوو پایز، کز و زەبوون بوو لەشی جوانی، خۆراکی دڕک، بۆ زەبری بەرد بوو بزەی لێو و، گەشەی گیان و، ئاواتی دەروون نمێ فرمێسک، ئاخێکی قووڵ، ڕەنگێکی زەرد بوو! ++++++++++++++++++++++