ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس تریفەی ھەڵبەست
١٤. زەردەخەنە لە فرمێسکا
١
گیانە بیستم، کەپرسیبوت چۆنە ئێستا
لەگەڵ ژینا؟ لەگەڵ دانانی هەڵبەستا؟
وەک خۆی ماوە، شێوە و ڕەنگی، یان گۆڕاوە؟
دەنگی وەک ئەوسا زوڵاڵە یان خنکاوە؟
***
وەکو جاران قسەکانی هەر زیندووە؟
یان ساردو سڕ وەک دەم و دەسی مردووە؟
بەتەرازووی عەقڵی دوێنێ خەڵک سەنگ ئەکا؟
بە شوێن هەتاو، یاخود سێبەرا، ڕا ئەکا؟
***
وەکو جاران، زۆر گەورە ناو، وا ئەناسێ؟
یان ئەو بەرگەی، بیری کۆنی، خۆی.. گۆڕیوە؟
بە واتەیان، تەناف بۆ مل، هەڵئەواسێ؟
یان زۆر ملی، لەو تەنافە، …. دابڕیوە؟
***
توخوا ئێستەش وەکوو جاران دڵی تەڕە؟
یان گوڵاڵەی بەهارەکەی هەڵوەریوە؟
وەکوو جاران، پێش برسێتیی، لەسەر، سەرە؟
یان لەژەنگی ناو کۆمەڵا، دڵ ڕزیوە؟
***
وەکوو ئەوسا کە ئەمناسیی.. گیانی گەشە؟
یان دەماری، هەستی سڕەو، بەنجی خەوە؟
نانی ژینی، نانی سپی، یاخود ڕەشە؟
ڕەنجی شانی بۆ ڕووناکیی یان بۆ شەوە؟
***
ئەڵێن پشتی، جیڕی دوێنێی، ئەمڕۆ لەژێر
باری قورسی، نەبونیدا، کۆماوەیە؟
ئەڵێن دۆستی، زۆری دوێنیی، بۆ چاو بگێڕ
تاک و تەراش لەچاوی ئەو شاراوەیە
***
ئەڵێن ئەمڕۆ، بەدارشەقی، ڕێی بێکەسیی
لاشەی سستی وەکوو پەڕۆی هەڵگرتووە
توخوا ڕاستە مۆمی دڵ و داری دەسی
لەتاریکی شەوی عومریا ون کردووە؟
٢
وەرامەکان، لەقەفەزی، سینەی یادا
وەک بولبولی، هیلاکی خەو، کز هەڵنیشتون
پرسیارەکان لەتینوێتی، سەر ڕێگادا
زۆریان لەناوچوون و خنکان، زۆریان مردوون.
***
گیانە هەرچەند، شیعرم لەناو، تەمی خەما
پەل ئەکوتی، ڕێگەی وونە، بەڵام بۆ تۆ
بەرەو ساماڵ، ڕێگە ئەبڕێ، تەم لائەدا
دەمی وەرام، گەر «گۆ»یش نەکا، بۆت دێتە گۆ.
***
گیانە ڕاستە ئەم چەند ساڵە دەستی ئازار
دەقی پەڕەی لاوێتیمی ژاکاندووە
چاوی تیری پڕ لەشەوقی پار و پێرار
ئەمڕۆ کزە و جوانیی لەخۆی تۆراندووە!
***
ڕاستە پەنجەی، ناسۆر لەسەر کێلی بەختم
هەڵبەستێکی چارەنووسی وشکی نووسیی
ڕاستە ڕێگای، بیست و حەوتی، عومری سەختم
بەهارێکی، بەختیاری، تا سەر نەدی
***
بەڵام گیانە، دەنگی ئەمڕۆم، زیاد لەدوێنێ
زوڵاڵ ترە و، بەناو ژیانا، باڵ ئەگرێ
قسەی زیندووم، تا دڵی مردوش ئەدوێنێ
شنەی وشەی تا فرمێسکی ناو چاو ئەسڕێ.
***
ڕێ وون ئەکەم، خۆم ون ئەکەم، بەڵام گیانە
هەرگیز خۆری سەرفرازیی کورد وون ناکەم
ژیان لای من، بەرەو هیوا، کۆڵ نەدانە
گەر وا نەبێ، بەدڵ خواستی، مردن ئەکەم.
***
گیانە دوێنێ کە ئەتناسیم وەک مناڵ بووم
گرێی دەستم، ئەخستە ناو، دان و ناو دەم
ئەو سەردەمە، ساوای بیری، گڕ و گاڵ بووم
نەم ئەزانی، ئەڵقەی فرسەت، چۆن لەدەس کەم.
***
ئەو سەردەمە، ناڵەی برسیم، ئەهاتە گوێ
چاوم ئەکەوت بەفرمێسکی چاوی ئازار
پەلی کوێرم ئەگرت ئەمبرد هەتا سەر ڕێ
ئەشمنوسی بمرێ زستان بژی بەهار!
***
بەڵام گیانە، ئەوسا منیش، پۆشتە وەک تۆ
لەسەر تێریی، باسی برسێتیم بۆت ئەکرد
قسەی جوانم ئەخستە گیرفانی درۆ
لەژێرەوەش ئاڵای ڕیام پێ هەڵئەکرد.
***
ڕاستە ئەوسا ژیان وەکوو دڵی ساوا
ئاسمانەکەی، بێگەردبوو، پاک بوو ساماڵ بوو
بەڵام گیانە، ڕێگای مێشکمان لەچاوا
بۆ ڕێبواری، بەنگ کێشی خەو و خەیاڵ بوو.
***
باوەشی ناز هیوای دڵی ڕائەژەنیم
تاریکەشەو کێوێکی ترسی بەسام بوو
لەکام تەقە، زۆر بچووکە، ڕائەچەنیم
دڵ ناسک و بیر کاڵ و کرچ و نەفام بوو.
***
ئەسپی خەیاڵ لەژێر لێفەی گەرمی شەوا
بۆکام دنیا ئێجگار دوورە ئەو ئەیبردم
حەزی دەروون، چی بویستایە بۆی ئەلوا
لەگەڵ تۆشا، دەسی پێ لەمل ئەکردم.
***
بەڵام ئەمڕۆ ئەو ئازارەی من ئەیچێژم
ئازارێکە، بەختیاریی، تیا ئەبینم
ئەو چاوانەی، کە فرمێسکی، پێ ئەڕێژم
چاوێکە تۆوی پیاوەتی تیا ئەچێنم.
***
لەژیانی تفتی ئەمڕۆی کزر و دێما
سبەینێی تەڕ و پاراوی کورد ئەبینم
لەهەورازی، سەخت و ئارەقی سەر ڕێما
دوائەنجامی سەرفرازی مەرد ئەبینم.
***
لەهەر ئاخێکی ناو سنگی پڕ لەسوێما!
هەزار کسپەی جەرگی کۆرپەی کورد ئەبیسم
لەناو هەموو هەنسکێکی قوڕگی خۆما
دەنگی قرچەی، دڵی دار و بەرد ئەبیسم.
***
ئەو زەوییەی ئەمڕۆ وشکە و گاسنی خەم
ناخی دەروونی، بەدانی، ڕق ئەکێڵێ
ئەو کۆترەی ئەمڕۆ لەبەر باران و تەم
بێچوی هێلانەی ئارامی جێ ئەهێڵێ.
***
سبەی زەوی، لەهەر بستێکیا کانییەک
وەکوو چاوی، قرژاڵی ڕوون.. هەڵ ئەقوڵێ
هەر کۆترەی بەخوێندنی گۆرانییەک
بەستەی ژیانی ئازادی بۆ گەل ئەڵێ.
***
بەڵێ گیانە لەتاریکی شەوی ڕەش دا
چاوم خۆری ناو شەبەقی ژین ئەبینێ
لەگریانی ناو ئازاری زامی لەش دا
ئومێد، دیاریی، پێکەنینم، بۆ ئەهێنێ
***
لەپایزی لێوی وشکا لەخەزانا
زەردەخەنەی بەهاری دڵ ئەبینم من
لەباوەشی بەفر و زوقما، لەزستانا
چەپکە نێرگز، یاخود نەورۆز، ئەبینم من.
***
لەناو هەر قەترە خوێنێکی لێ ڕژاوما
گوڵی باخچەی ئازادییەک ئەبینم من
لەهەر گوڵە گەنمێکی لێ سووتاوما
سبەی خەرمانی شادییەک ئەبینم من.

پەراوێز edit