شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: تریفەی ھەڵبەست سەرناو: زەردەخەنە لە فرمێسکا ١ گیانە بیستم، کەپرسیبوت چۆنە ئێستا لەگەڵ ژینا؟ لەگەڵ دانانی هەڵبەستا؟ وەک خۆی ماوە، شێوە و ڕەنگی، یان گۆڕاوە؟ دەنگی وەک ئەوسا زوڵاڵە یان خنکاوە؟ *** وەکو جاران قسەکانی هەر زیندووە؟ یان ساردو سڕ وەک دەم و دەسی مردووە؟ بەتەرازووی عەقڵی دوێنێ خەڵک سەنگ ئەکا؟ بە شوێن هەتاو، یاخود سێبەرا، ڕا ئەکا؟ *** وەکو جاران، زۆر گەورە ناو، وا ئەناسێ؟ یان ئەو بەرگەی، بیری کۆنی، خۆی.. گۆڕیوە؟ بە واتەیان، تەناف بۆ مل، هەڵئەواسێ؟ یان زۆر ملی، لەو تەنافە، …. دابڕیوە؟ *** توخوا ئێستەش وەکوو جاران دڵی تەڕە؟ یان گوڵاڵەی بەهارەکەی هەڵوەریوە؟ وەکوو جاران، پێش برسێتیی، لەسەر، سەرە؟ یان لەژەنگی ناو کۆمەڵا، دڵ ڕزیوە؟ *** وەکوو ئەوسا کە ئەمناسیی.. گیانی گەشە؟ یان دەماری، هەستی سڕەو، بەنجی خەوە؟ نانی ژینی، نانی سپی، یاخود ڕەشە؟ ڕەنجی شانی بۆ ڕووناکیی یان بۆ شەوە؟ *** ئەڵێن پشتی، جیڕی دوێنێی، ئەمڕۆ لەژێر باری قورسی، نەبونیدا، کۆماوەیە؟ ئەڵێن دۆستی، زۆری دوێنیی، بۆ چاو بگێڕ تاک و تەراش لەچاوی ئەو شاراوەیە *** ئەڵێن ئەمڕۆ، بەدارشەقی، ڕێی بێکەسیی لاشەی سستی وەکوو پەڕۆی هەڵگرتووە توخوا ڕاستە مۆمی دڵ و داری دەسی لەتاریکی شەوی عومریا ون کردووە؟ ٢ وەرامەکان، لەقەفەزی، سینەی یادا وەک بولبولی، هیلاکی خەو، کز هەڵنیشتون پرسیارەکان لەتینوێتی، سەر ڕێگادا زۆریان لەناوچوون و خنکان، زۆریان مردوون. *** گیانە هەرچەند، شیعرم لەناو، تەمی خەما پەل ئەکوتی، ڕێگەی وونە، بەڵام بۆ تۆ بەرەو ساماڵ، ڕێگە ئەبڕێ، تەم لائەدا دەمی وەرام، گەر «گۆ»یش نەکا، بۆت دێتە گۆ. *** گیانە ڕاستە ئەم چەند ساڵە دەستی ئازار دەقی پەڕەی لاوێتیمی ژاکاندووە چاوی تیری پڕ لەشەوقی پار و پێرار ئەمڕۆ کزە و جوانیی لەخۆی تۆراندووە! *** ڕاستە پەنجەی، ناسۆر لەسەر کێلی بەختم هەڵبەستێکی چارەنووسی وشکی نووسیی ڕاستە ڕێگای، بیست و حەوتی، عومری سەختم بەهارێکی، بەختیاری، تا سەر نەدی *** بەڵام گیانە، دەنگی ئەمڕۆم، زیاد لەدوێنێ زوڵاڵ ترە و، بەناو ژیانا، باڵ ئەگرێ قسەی زیندووم، تا دڵی مردوش ئەدوێنێ شنەی وشەی تا فرمێسکی ناو چاو ئەسڕێ. *** ڕێ وون ئەکەم، خۆم ون ئەکەم، بەڵام گیانە هەرگیز خۆری سەرفرازیی کورد وون ناکەم ژیان لای من، بەرەو هیوا، کۆڵ نەدانە گەر وا نەبێ، بەدڵ خواستی، مردن ئەکەم. *** گیانە دوێنێ کە ئەتناسیم وەک مناڵ بووم گرێی دەستم، ئەخستە ناو، دان و ناو دەم ئەو سەردەمە، ساوای بیری، گڕ و گاڵ بووم نەم ئەزانی، ئەڵقەی فرسەت، چۆن لەدەس کەم. *** ئەو سەردەمە، ناڵەی برسیم، ئەهاتە گوێ چاوم ئەکەوت بەفرمێسکی چاوی ئازار پەلی کوێرم ئەگرت ئەمبرد هەتا سەر ڕێ ئەشمنوسی بمرێ زستان بژی بەهار! *** بەڵام گیانە، ئەوسا منیش، پۆشتە وەک تۆ لەسەر تێریی، باسی برسێتیم بۆت ئەکرد قسەی جوانم ئەخستە گیرفانی درۆ لەژێرەوەش ئاڵای ڕیام پێ هەڵئەکرد. *** ڕاستە ئەوسا ژیان وەکوو دڵی ساوا ئاسمانەکەی، بێگەردبوو، پاک بوو ساماڵ بوو بەڵام گیانە، ڕێگای مێشکمان لەچاوا بۆ ڕێبواری، بەنگ کێشی خەو و خەیاڵ بوو. *** باوەشی ناز هیوای دڵی ڕائەژەنیم تاریکەشەو کێوێکی ترسی بەسام بوو لەکام تەقە، زۆر بچووکە، ڕائەچەنیم دڵ ناسک و بیر کاڵ و کرچ و نەفام بوو. *** ئەسپی خەیاڵ لەژێر لێفەی گەرمی شەوا بۆکام دنیا ئێجگار دوورە ئەو ئەیبردم حەزی دەروون، چی بویستایە بۆی ئەلوا لەگەڵ تۆشا، دەسی پێ لەمل ئەکردم. *** بەڵام ئەمڕۆ ئەو ئازارەی من ئەیچێژم ئازارێکە، بەختیاریی، تیا ئەبینم ئەو چاوانەی، کە فرمێسکی، پێ ئەڕێژم چاوێکە تۆوی پیاوەتی تیا ئەچێنم. *** لەژیانی تفتی ئەمڕۆی کزر و دێما سبەینێی تەڕ و پاراوی کورد ئەبینم لەهەورازی، سەخت و ئارەقی سەر ڕێما دوائەنجامی سەرفرازی مەرد ئەبینم. *** لەهەر ئاخێکی ناو سنگی پڕ لەسوێما! هەزار کسپەی جەرگی کۆرپەی کورد ئەبیسم لەناو هەموو هەنسکێکی قوڕگی خۆما دەنگی قرچەی، دڵی دار و بەرد ئەبیسم. *** ئەو زەوییەی ئەمڕۆ وشکە و گاسنی خەم ناخی دەروونی، بەدانی، ڕق ئەکێڵێ ئەو کۆترەی ئەمڕۆ لەبەر باران و تەم بێچوی هێلانەی ئارامی جێ ئەهێڵێ. *** سبەی زەوی، لەهەر بستێکیا کانییەک وەکوو چاوی، قرژاڵی ڕوون.. هەڵ ئەقوڵێ هەر کۆترەی بەخوێندنی گۆرانییەک بەستەی ژیانی ئازادی بۆ گەل ئەڵێ. *** بەڵێ گیانە لەتاریکی شەوی ڕەش دا چاوم خۆری ناو شەبەقی ژین ئەبینێ لەگریانی ناو ئازاری زامی لەش دا ئومێد، دیاریی، پێکەنینم، بۆ ئەهێنێ *** لەپایزی لێوی وشکا لەخەزانا زەردەخەنەی بەهاری دڵ ئەبینم من لەباوەشی بەفر و زوقما، لەزستانا چەپکە نێرگز، یاخود نەورۆز، ئەبینم من. *** لەناو هەر قەترە خوێنێکی لێ ڕژاوما گوڵی باخچەی ئازادییەک ئەبینم من لەهەر گوڵە گەنمێکی لێ سووتاوما سبەی خەرمانی شادییەک ئەبینم من. ++++++++++++++++++++++