شیرینەکەم! ژووری تەنیام
ئەمشەو بۆ غەریبیم ئەگری
چرپای خەم لێنیشتوی جێگام
خامۆشیی وا لەچوار دەوری.
***
چاوەڕوانیی کورسی چۆڵم
تۆوی بێزاری ئەچێنێ
گڵۆپی کزی ناو هۆڵم
فرمێسک بەبێدەنگ ئەڕژێنێ!
***
پەنجەرەکان، خۆڵی ڕۆژان:
لەسەر شووشەی چاویان بارە
شیرینەکەم ئەمشەو ژیان
وەک ماڵەکەم چۆڵ و تارە.
***
وێنەی پارم لێوی گاڵتە:
لەئێستام هەڵئەقورتێنێ
گڕی خەیاڵ بۆ ئەو کاتە
جەرگی ئەمشەو ئەسووتێنێ.
***
شیرینەکەم.. ژووری تەنیام
ئەمشەو بۆ غەریبیم ئەگری
چرپای خەم لێنیشتوی جێگام
تەنیایی وا لەچوار دەوری.