شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: تریفەی ھەڵبەست سەرناو: تەنیایی شیرینەکەم! ژووری تەنیام ئەمشەو بۆ غەریبیم ئەگری چرپای خەم لێنیشتوی جێگام خامۆشیی وا لەچوار دەوری. *** چاوەڕوانیی کورسی چۆڵم تۆوی بێزاری ئەچێنێ گڵۆپی کزی ناو هۆڵم فرمێسک بەبێدەنگ ئەڕژێنێ! *** پەنجەرەکان، خۆڵی ڕۆژان: لەسەر شووشەی چاویان بارە شیرینەکەم ئەمشەو ژیان وەک ماڵەکەم چۆڵ و تارە. *** وێنەی پارم لێوی گاڵتە: لەئێستام هەڵئەقورتێنێ گڕی خەیاڵ بۆ ئەو کاتە جەرگی ئەمشەو ئەسووتێنێ. *** شیرینەکەم.. ژووری تەنیام ئەمشەو بۆ غەریبیم ئەگری چرپای خەم لێنیشتوی جێگام تەنیایی وا لەچوار دەوری. ++++++++++++++++++++++