ئاڵەکۆک

کاکەی فەلاح add_a_photo
برا! زانیومە بۆ وێرانە ماڵی
بە برژانگ خاکی بەرپێی یەئس ئەماڵی
بەڵێ گەورەم! ئەزانم پڕ بەدڵ تۆ
پەشیمانی لە کرداری مناڵی
لەناو چۆڵ و بیابانێکی گەرما
چلەی هاوینە بێ سروەی شەماڵی
کەداری سەروەکەت یادی هونەر بێ
وەکوو قومری بە ڕۆژ و شەو ئەناڵی
ئەڵێن: ڕۆژی بەسەرهاتت گەلێ دی
کەچی هەر میوەیێکی کرچ و کاڵی
بەڕەنگ زەردی خەزانێکە ژیانت
سەوز نابێ ئومێدی کشت وکاڵی
ئەڵێی: کەی دڵ بگاتە کامی خۆزگە
خەیاڵت خاوە کوشتەی کام خەیالی؟ !
ئەگەرچی خۆ سەرت قاڵی ژیانە
لە بۆتەی مەینەتا پێویستی قاڵی
کە عەوداڵی بە ناو باخچەی ژیانا
بچێژە هەر لەبەر گوڵ دڕک و داڵی
ئەگەر دەرمانی دەرد زەهرێکی ڕوتە
بڵێ: شیرینە ئەینۆشم بە تاڵی
زمانی حاڵی تۆ گەرچی زوڵاڵە
بڵێ: داخی بە جەرگم خۆشە لاڵی

پەراوێز edit