شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: بەسەرهاتێک برا! زانیومە بۆ وێرانە ماڵی بە برژانگ خاکی بەرپێی یەئس ئەماڵی بەڵێ گەورەم! ئەزانم پڕ بەدڵ تۆ پەشیمانی لە کرداری مناڵی لەناو چۆڵ و بیابانێکی گەرما چلەی هاوینە بێ سروەی شەماڵی کەداری سەروەکەت یادی هونەر بێ وەکوو قومری بە ڕۆژ و شەو ئەناڵی ئەڵێن: ڕۆژی بەسەرهاتت گەلێ دی کەچی هەر میوەیێکی کرچ و کاڵی بەڕەنگ زەردی خەزانێکە ژیانت سەوز نابێ ئومێدی کشت وکاڵی ئەڵێی: کەی دڵ بگاتە کامی خۆزگە خەیاڵت خاوە کوشتەی کام خەیالی؟ ! ئەگەرچی خۆ سەرت قاڵی ژیانە لە بۆتەی مەینەتا پێویستی قاڵی کە عەوداڵی بە ناو باخچەی ژیانا بچێژە هەر لەبەر گوڵ دڕک و داڵی ئەگەر دەرمانی دەرد زەهرێکی ڕوتە بڵێ: شیرینە ئەینۆشم بە تاڵی زمانی حاڵی تۆ گەرچی زوڵاڵە بڵێ: داخی بە جەرگم خۆشە لاڵی ++++++++++++++++++++++