ئامانجی وایە پێنووسی دەستم
وەهایە هیوای شێعر و هەڵبەستم
تاقەی مرواری هەرچەندە جوانە
بووکی بە نرخی نێو گەوهەرانە
بەڵام ئەو کاتەی کۆ بکرێتەوە
لە سەر شریتێ بهۆنرێتەوە
ئەو ساتە جوانە و جوانتر دەنوێنێ
تاکوو بە تەنیا لە لای بمێنێ
****
زمانی کوردیش ئەو گەوهەرەیە
کە دیاری بەرزی مێژووی ئێمەیە
وشەی جوان جوانی نێو کوردەواری
جوانتر لە زێڕ و لەعل و مرواری
کاتێ بە شێوەی جوانێ هۆنراوە
کرایە بەستە و شێعر و هۆنراوە
چاکتر دەنوێنێ و هەر لە بەر چاوە
هەرگیز ون نابێ و ناخرێتە لاوە
ئامانجی وایە پێنووسی دەستم
وەهایە هیوای شێعر و هەڵبەستم