کورد ئەگەرچی زۆرە دەردی، بەردی مەینەت وا لە رێی
دەس لە ئەژنۆگرتن ئەو بەردانە لانابا لەرێی
شێعری خاوێنم دەوێ خوێنی دڵ و زاری نەبێ
رەنگی فرمێسکی دەروون و بۆنی خەمباری نەبێ
بۆ چی قانع بم لە ژینا، بۆ ئەبێ هەوڵێ نەدەم؟ !
بۆ ئەبێ دەس هەڵگرم، تاکوو بە ئامانجم نەگەم؟ !
هێمنی هەڵناگرێ ئەم چەرخە بۆ کوردی کوڵۆڵ
تا بەکەی هێمن بژین و تێنەکۆشین گورج و گۆڵ؟
گەر هەموو پەرداخی ژینم هەر وەها پڕ بێ لە ژار
ناگرم دەستم لە ئەژنۆ، قەت بە خۆم ناڵێم هەژار
هەر وەکوو (بێکەس) ئەگەرچی دەردەدار و بێکەسم
من کەسم کوردە، بە کەس ناڵێم هەژار و بێکەسم
شێعری خاوێنم دەوێ خوێنی دڵ و زاری نەبێ
رەنگی فرمێسکی دەروون و بۆنی خەمباری نەبێ
٢
تا پەری شێعرم نەدی، هەر ساتە بیرێ وام هەبوو
داخەکەم چاوی پەریش، غەیری خەمی تێدا نەبوو
بۆ گوڵی شادی گەڕام ماوەیێ، هەتا بیدۆزمەوە
تاکوو بەرگی بووکی شێعری پێ بڕازێنمەوە
شار و کوێستانی وڵاتی کوردەواریم گرتە بەر
پێکەنینم نەدی هەرگیز لە دڵ هاتبێتە دەر
بۆ نەگریم من کە پەروەردەی هەوای شاری خەمم؟ !
چی بنووسم؟ غەیری ئەو فرمێسکە، چی بێ بەرهەمم؟ !
کوردەواری هەر بەشی زووخاو و دەرد و زیللەتە
تاکوو داهاتووی بە چی بێ، زەحمەتی ئەم میللەتە؟ !
لێم ببوورن ئەی هەژار و بێکەس و هێمن، ئەمن
ئێستە ئەیزانم کە ئێوە بۆچی ئالوودەی خەمن؟ !
ئەو خەمانەی نەمدەناسین وا ئەسیری کردووم
چی بڵێم؟ ! چۆنی بڵێم؟ ! چەشنێ کە پیری کردووم
****