شاعیر: شەریف کتێب: ملوانکەی شین سەرناو: نامەیێ بۆ کۆڕی شاعیران کورد ئەگەرچی زۆرە دەردی، بەردی مەینەت وا لە رێی دەس لە ئەژنۆگرتن ئەو بەردانە لانابا لەرێی شێعری خاوێنم دەوێ خوێنی دڵ و زاری نەبێ رەنگی فرمێسکی دەروون و بۆنی خەمباری نەبێ بۆ چی قانع بم لە ژینا، بۆ ئەبێ هەوڵێ نەدەم؟ ! بۆ ئەبێ دەس هەڵگرم، تاکوو بە ئامانجم نەگەم؟ ! هێمنی هەڵناگرێ ئەم چەرخە بۆ کوردی کوڵۆڵ تا بەکەی هێمن بژین و تێنەکۆشین گورج و گۆڵ؟ گەر هەموو پەرداخی ژینم هەر وەها پڕ بێ لە ژار ناگرم دەستم لە ئەژنۆ، قەت بە خۆم ناڵێم هەژار هەر وەکوو (بێکەس) ئەگەرچی دەردەدار و بێکەسم من کەسم کوردە، بە کەس ناڵێم هەژار و بێکەسم شێعری خاوێنم دەوێ خوێنی دڵ و زاری نەبێ رەنگی فرمێسکی دەروون و بۆنی خەمباری نەبێ ٢ تا پەری شێعرم نەدی، هەر ساتە بیرێ وام هەبوو داخەکەم چاوی پەریش، غەیری خەمی تێدا نەبوو بۆ گوڵی شادی گەڕام ماوەیێ، هەتا بیدۆزمەوە تاکوو بەرگی بووکی شێعری پێ بڕازێنمەوە شار و کوێستانی وڵاتی کوردەواریم گرتە بەر پێکەنینم نەدی هەرگیز لە دڵ هاتبێتە دەر بۆ نەگریم من کە پەروەردەی هەوای شاری خەمم؟ ! چی بنووسم؟ غەیری ئەو فرمێسکە، چی بێ بەرهەمم؟ ! کوردەواری هەر بەشی زووخاو و دەرد و زیللەتە تاکوو داهاتووی بە چی بێ، زەحمەتی ئەم میللەتە؟ ! لێم ببوورن ئەی هەژار و بێکەس و هێمن، ئەمن ئێستە ئەیزانم کە ئێوە بۆچی ئالوودەی خەمن؟ ! ئەو خەمانەی نەمدەناسین وا ئەسیری کردووم چی بڵێم؟ ! چۆنی بڵێم؟ ! چەشنێ کە پیری کردووم **** ++++++++++++++++++++++