شاعیر: شەریف کتێب: ملوانکەی شین سەرناو: ئامانجی قەڵەم ئامانجی وایە پێنووسی دەستم وەهایە هیوای شێعر و هەڵبەستم تاقەی مرواری هەرچەندە جوانە بووکی بە نرخی نێو گەوهەرانە بەڵام ئەو کاتەی کۆ بکرێتەوە لە سەر شریتێ بهۆنرێتەوە ئەو ساتە جوانە و جوانتر دەنوێنێ تاکوو بە تەنیا لە لای بمێنێ **** زمانی کوردیش ئەو گەوهەرەیە کە دیاری بەرزی مێژووی ئێمەیە وشەی جوان جوانی نێو کوردەواری جوانتر لە زێڕ و لەعل و مرواری کاتێ بە شێوەی جوانێ هۆنراوە کرایە بەستە و شێعر و هۆنراوە چاکتر دەنوێنێ و هەر لە بەر چاوە هەرگیز ون نابێ و ناخرێتە لاوە ئامانجی وایە پێنووسی دەستم وەهایە هیوای شێعر و هەڵبەستم ++++++++++++++++++++++