من وەکوو بێچووە چۆلەکەی خۆشی
هەموو بەیانی بۆ خۆم ئەخوێنم
کە شەو تێ پەڕی دنیا ڕووناک بوو
دڵخۆشم بۆیە واز لە خەو دێنم
***
چاوت هەڵبڕە خوشکی نازەنین
زەردە و پرشنگی ڕۆژ پڕ دنیایە
سەیری تیشکی ڕۆژ بکە چەند جوانە
دنیای داگیر کرد خۆشی ئێستایە
***
تەماشای دنیا بکە بەیانە
چاوت تێر نابێ ئەوەندە جوانە
هەموو پارچەیەک لە شاخ و لە دەشت
بە دڵ مەسروورە و بە دەم خەندانە
***
گوڵ پێ ئەکەنێ بەرامبەر بولبول
لەناو باخانا بە دڵی بێ غەم
شەماڵیش لقی دار دێنی و دەبا
لەسەر شاخ و دەشت، لەناو شیو و چەم
***
پێش ئەوەی بولبول هەستێ بخوێنێ
بەو دەنگە خۆشە بە بەزمی ڕەنگین
تۆش هەستە لە خەو هەردووکمان ئەچین
لەگەڵیا ئەڵێین یاخود گوێ ئەگرین