میللەتێک هیوای بەرزیی ژیان بێ
تینووی ئازادی و دیلی زەمان بێ
بەندی و هەژاریی زۆر لا گران بێ
هێزی مەردانەی کە هاتە گەردش
وەک ئەتۆم زەمین دێنێتە جونبوش
میللەتێک زۆربەی نەخوێندەوار بێ
چەوساوەی دەستی سەرمایەدار بێ
جەرگ هەڵکزاوی ئاگری زۆردار بێ
کە جووڵایەوە وا خۆی ئەنوێنێ
کە تۆڵەی ڕۆژی ڕەشی بستێنێ
میللەتێک مێژووی ڕووناک و جوان بێ
ئەولای ئەردەڵان ئەم لای بۆتان بێ
کانگای ئاڵتوون و نەوت و سامان بێ
هیچ هێزێک نییە ڕێی بباتە بەست
بە زانست و فەنن خۆی ئەکا سەربەست
میللەتێک چاوی لە خەو هەڵهێنێ
ببینێ دوژمن زۆری بۆ دێنێ
ستەمە سەری بۆ دانەوێنێ
بێگومان ژیان لە خۆی تاڵ ئەکا
تا لاشەی دوژمن لەناو چاڵ ئەکا
میللەتێک نەوەی کاوەی ئازا بێ
بۆ سەرکەوتنی خۆی دڵنیا بێ
بۆ ژیانیشی دڵ پڕ هیوا بێ
زۆری پێ ناچێ ئەگاتە ئاوات
ئاڵای سەربەستی بە خوێن هەڵ ئەکات