ئاڵەکۆک

کەمالی add_a_photo
کەمالی دیوانی کەمالی
١٦٧. لە دڵما عەشقی ڕووی تۆ نووری چاوم هێندە جێگیرە
لە دڵما عەشقی ڕووی تۆ نووری چاوم هێندە جێگیرە
لە یەک جیا نابنەوە یەعنی کە هەروەک شەککەر و شیرە
دەسی قودرەت بەخەتتی عەنبەرین وا حاشیەی نووسی
کە زانی ئایەتی ڕووی دلبەرم پێویست بە تەفسیرە
لە چەرخی بیستەما ئاوازی حوسنی یار و عەشقی من
لە دنیادا بە وێنەی ناوی ئەسکەندەر جیهان گیرە!
زەکاتی ماچی کوڵمت بۆ هەموو کەس چاوەکەم ناشێ
لە عورفی عەشقدا هەر موستەحەققی عاشقی پیرە
تەماشاکە چ زەوقێکی تێدایە عالەمی شێتی
لە گوێی مندا زڕەی زنجیری پێ دەنگی بەم و زیرە
دەخیلە ڕێ بە زاهید قەت مەدە بۆ مەجلیسی ڕەندان
کە چونکە بەد ڕەوشتە هەر خەریکی داو و تەزویرە
ئەزانم ئەی کەمالی تۆ کەوا پارچەی غەزەل ئەبڕی
هەموو بۆ بەژن و باڵای عەڕعەڕ ئاسای حەزرەتی میرە

پەراوێز edit