شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: لە دڵما عەشقی ڕووی تۆ نووری چاوم هێندە جێگیرە لە دڵما عەشقی ڕووی تۆ نووری چاوم هێندە جێگیرە لە یەک جیا نابنەوە یەعنی کە هەروەک شەککەر و شیرە دەسی قودرەت بەخەتتی عەنبەرین وا حاشیەی نووسی کە زانی ئایەتی ڕووی دلبەرم پێویست بە تەفسیرە لە چەرخی بیستەما ئاوازی حوسنی یار و عەشقی من لە دنیادا بە وێنەی ناوی ئەسکەندەر جیهان گیرە! زەکاتی ماچی کوڵمت بۆ هەموو کەس چاوەکەم ناشێ لە عورفی عەشقدا هەر موستەحەققی عاشقی پیرە تەماشاکە چ زەوقێکی تێدایە عالەمی شێتی لە گوێی مندا زڕەی زنجیری پێ دەنگی بەم و زیرە دەخیلە ڕێ بە زاهید قەت مەدە بۆ مەجلیسی ڕەندان کە چونکە بەد ڕەوشتە هەر خەریکی داو و تەزویرە ئەزانم ئەی کەمالی تۆ کەوا پارچەی غەزەل ئەبڕی هەموو بۆ بەژن و باڵای عەڕعەڕ ئاسای حەزرەتی میرە ++++++++++++++++++++++