عەزیزم ساجید ئاوارە ئەمە نێزیکی دوو ساڵە
لە ئەحواڵی کەمالی بۆ چی تۆناپرسی بێحاڵە
لە ماڵا کەوتووە کوێرە، نەخۆشە زۆر دەمێکە ئەو
لەبەر دەرد و خەفەت ئێستاکە هەنگوینی بە دەم تاڵە
ئەڵێی پەرژینی گوڵزاری ئەدەب تێکچوو زەمانێکە
گوڵی تیادا نەما مەیدانی وازی چەند کوڕ و کاڵە
لەعەرسەی عیلم و ئادابا فڕاندی گۆی هونەر مەحوی
عەجایەب شاسوارێکە بە وێنەی ڕۆستەمی زاڵە
ئەبینی عەرسەکە شیرین سوارێکی نییە تێدا
بە تەنیا جێگە لۆقەی کەرسواری چەند کوڕ و کاڵە
وەکوو بیستوومە شاعیر پێی ئەڵێن خەڵکی بەیازەوان
لە لام وایە ئەمە فەرمایشی شێتێکی عەوداڵە