بناغەی دەهری دوون ڕووخاوە یەکسەر تێک چووە ئاشی
بە جارێ تێک شکاوە و ورد و خاشە بەرد و بەرداشی
فەلەک نادا هەتا ڕۆژی قیامەت مەقسەدی دانا
خەریکە هەر ئەدا عیززەت بە پیاوی سەرسەری و ناشی
لە مەکتەبخانەیی عەشقا شوکور یارم یەکەم دەرچوو
خودایە زووببێتە حاکم و من ببمە فەڕڕاشی
ئەگەرچی ئەمکوژێ چاوی بەڵام ئیحیام ئەکا دەرحاڵ
بە خەندەی لێوی لەعلی شەککەر ئەفشانی نمەک پاشی
بە جارێ سەبر و ئارام و دڵی بردووم و خوشحاڵم
نەماوە غەیری ڕۆحم وا ئەویشم کرد بە پاداشی
خەتی دا ڕووی دلارامم لە مەولا من نییە چارەم
کەمالی مەسڵەحەت وایە بڕۆم زوو ببمە سەرتاشی