ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
قولەڕەشێک بوو بە پاڵەوانێ
کەس نەی ئەوێرا شانبات لە شانی

لە ڕۆژی شەڕا بچوایە مەیدان
تیپێک لەشکری ئەخست بەبێ گیان

بەسەر ڕۆستەمی زاڵا زاڵ ئەبوو
دوشمن بە نەعره‌ی ژینی تاڵ ئەبوو

بەڵام خوویەکی زۆر بێ مەعنای بوو
لێیان نەدایە بۆ شەڕ نەدەچوو

ئەبوایە چل کەس لێی دایە ئەوسا
لەپاش چل کەسە، قینی ھەڵئەسا

ڕۆژێک قەومەکەی، دوشمن دەوری دا
ھیچ کەسی ساغیان نەما لە دێدا

ھاواریان بۆ برد، کەوتبوو بەدەما
وتیان: ھەی نامەرد، وا کەسمان نەما

وتی: بێ کەڵکە، نەکه‌وتوومە قین
مەگەر چل دارم پیاکێشن بەتین

پیرەمێردێکی لێ چووە پێشێ
پێی وت: جێی چلەی پارت ئەیەشێ؟ !

کەوتەوە بیری پار چیان لێ کرد
خۆی گیف کردەوە، ھەستا دەست و برد

دەستی دایە شیر ڕووی کردە دوشمن
ڕەگی زیندەگی دەرکێشان لەبن

قول قینی ھەستێ دوشمن پەست ئەکا١
بەڵام کەی بۆ کەی گۆبەنگ خەست ئەکا

١. قول: ڕه‌نگه مه‌به‌ستی له کورد بووبێ ئه‌وسا نه‌یویستووه ده‌ریببڕێ.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی دووه‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٤٥-٤١.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٤٢٧-٤٢٩.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit