ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
ڕۆژێک عارەبێکی جبوور
ئەهاتەوە لە ڕێگەی دوور

گەیشتە لای قەسری شیرین
لە مێرغوزارێکی شیرین

دابەزی قاوەڵتی ئەکرد
هەگبەی لەسەر حوشتر داگرت

نان و هێلکە و گۆشتی تیابوو
کە ڕوانی کوڕێک پەیدا بوو

سڵاوی کرد لە لای دانیشت
کابرا گرژ بوو لچی داهێشت

سەری شۆر کرد نانی ئەخوارد
کوڕەش هەر پارووی ئەژمارد

عارەب پرسی تۆ کوێندەریت؟
وا لە شەرم و حەیا بەریت!

وتی: بێگانە نیم، یارم
ئەمساڵ لای ئێوە جوتیارم

ئەمجا وتی: أشلون الحال
چۆنن، چاکن ماڵ و مناڵ

کوڕە وتی: بە کەیفی تۆن
شوکور هەموو بە ڕەنگ و بۆن

وتی: خومەییسی کوڕم
دەشت و کێو بۆ ئەو ئەبڕم

وتی: ئه‌لحه‌مدولیللا تەواوە
پێگەیشتوە و بەشەرت پیاوە

وتی: دایکی چۆنە، ساغە
وتی: چاکە و بەدەماغە

وتی: ماینێکی چاکم بوو
وتی: جوانووماینێکی بوو

وتی: تانجيه زەردم ماوە
وتی: هەمیشە لە ڕاوە

کابرا لە خۆشیانا وەک هار
دەمی بۆ پاروو کرد بە چوار

تیکەی زلی بەیەکا دا
هیچ بەشی کوڕەی لێ نەدا

ئەوی لەبه‌ری مایەوە
نایە هەگبە و پێچایەوە

کوڕە هێجگاری حەپەسا
دڵی تێکەڵ هات لەبرسا

لەوکاتەدا ئاسکێک ڕابوورد
کابرای عارەب سەیری ئەکرد

کوڕ وتی: تف لەم دنیایە
ئێستا تانجیە زەرد بمایە

نەی ئەهێشت ئەم ئاسکە بڕوا
عارەب پرسی: چی لێ قەوما؟

کوڕە وتی: ڕوحی سپارد
گۆشتی ماینەکەتی زۆر خوارد

وتی: ئەی ماینەکەم چی بوو؟
وتی: فێی لێ هات و شێت بوو

له‌قه‌ی له کوڕه‌که‌ت دابوو
کوڕە گیانی تیا نەمابوو

پۆلیس هاتن ماینیان کوشت
خەبەری ڕاستیم نایە مشت

زاتەن ژنەکەت نەمابوو
خانووی بەسەردا ڕووخابوو

عارەب بە گریان بۆی دەرچوو
نان و هێلکه‌ی هه‌موو بیر چوو

کوڕە میراتی پێ بڕا
ئەوەندەی خوارد هەتا بچڕا

ڕۆڵە ئامۆژگاریت وابێ
وه‌ختی نان خه‌ڵکت له لا بێ

بە ڕووخۆشی بڵێ فەرموون
بەوە خەڵک لێت ئەبێ مەمنوون

چاویش مەبڕەرە نانی کەس
ئه‌وی خوا داویه بیخۆ و به‌س

سەیری بەخیل چی لێ قەوما
بۆ کوڕه‌ی چاوبرسیشی نه‌ما
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی دووه‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٤٦-٤٨.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٤١٢-٤٤١٥.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit