ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیاوێکی دارتاش مەیموونێکی بوو
بۆ هەموو ئیشێک لە گەڵیا ئەچوو

هۆگری بوو بوو لای هەڵوەستابوو
مەیموون شاگرد بوو دارتاش وەستا بوو

کە ئەیوت تەشوێ زوو بۆی ئەهێنا
شەقەی مشاری بۆ دائەهێنا

ڕۆژێک وەستاکەی داری ئەقڵاشت
جار جارە بە پواز لەنگەری ئەداشت

بە تەور دارەکەی ئەقڵیشاندەوە
بە پواز لەیەکی ئەڕەواندەوە

وەختی نیوەڕۆ کە چوو بوو بۆ سەر ئاو
مەیموون هاتە جێی وەک وەستای تەواو

خۆی قیت کردەوە و لە جێی ئەو دانیشت
کلکی خۆی بە شوێن قڵیشدا داهێشت

پوازی دەرهێنا و کلکی پێوە بوو
کەوتە قیژ و هووڕ ئاگری تێ بەربوو

قڵیشی جێی پواز یەکدگیر بوو بوو
کلکی مەیموونی تونگ تێ چەسپی بوو

مەیموون غەشیم بوو، بوو بە فاقەوە
ئەیناڵان بە دەم واقەواقەوە

لە واقەی مەیموون خەڵک گردبوونەوە
چوونە پێشەوە لێی ورد بوونەوە

کلکی گیرابوو لە قڵیشی دار
ڕێگەی نەدەبوو کەوتبووە هاوار

وەستا لە تاوا سەراوی نەکرد
هاتەوە پوازی لێدا دەست‌وبرد

مەیموون ڕزگار بوو بە کولەمەرگی
بەڵام ژانەکەی گەیشتبووە جەرگی

مەیموون چۆن ئەبێت بە وەستای دارتاش
بولبول و قاژوو نابن بە یۆڵداش

ناگاتە پایەی مەردی ناحساب
نان بۆ نانەوا، گۆشتیش بۆ قەساب

قەت ڕێک ناکەون حوشتر و قەزازی
هەورامی و سواری، مەلا و ڕمبازی
دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٥٤و٥٥.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit