شاعیر: پیرەمێرد کتێب: بەشی چیرۆک و گاڵتە و گەپ و مەتەڵ سەرناو: مەیموون و دارتاش سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٥٤و٥٥. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی پیاوێکی دارتاش مەیموونێکی بوو بۆ هەموو ئیشێک لە گەڵیا ئەچوو هۆگری بوو بوو لای هەڵوەستابوو مەیموون شاگرد بوو دارتاش وەستا بوو کە ئەیوت تەشوێ زوو بۆی ئەهێنا شەقەی مشاری بۆ دائەهێنا ڕۆژێک وەستاکەی داری ئەقڵاشت جار جارە بە پواز لەنگەری ئەداشت بە تەور دارەکەی ئەقڵیشاندەوە بە پواز لەیەکی ئەڕەواندەوە وەختی نیوەڕۆ کە چوو بوو بۆ سەر ئاو مەیموون هاتە جێی وەک وەستای تەواو خۆی قیت کردەوە و لە جێی ئەو دانیشت کلکی خۆی بە شوێن قڵیشدا داهێشت پوازی دەرهێنا و کلکی پێوە بوو کەوتە قیژ و هووڕ ئاگری تێ بەربوو قڵیشی جێی پواز یەکدگیر بوو بوو کلکی مەیموونی تونگ تێ چەسپی بوو مەیموون غەشیم بوو، بوو بە فاقەوە ئەیناڵان بە دەم واقەواقەوە لە واقەی مەیموون خەڵک گردبوونەوە چوونە پێشەوە لێی ورد بوونەوە کلکی گیرابوو لە قڵیشی دار ڕێگەی نەدەبوو کەوتبووە هاوار وەستا لە تاوا سەراوی نەکرد هاتەوە پوازی لێدا دەست‌وبرد مەیموون ڕزگار بوو بە کولەمەرگی بەڵام ژانەکەی گەیشتبووە جەرگی مەیموون چۆن ئەبێت بە وەستای دارتاش بولبول و قاژوو نابن بە یۆڵداش ناگاتە پایەی مەردی ناحساب نان بۆ نانەوا، گۆشتیش بۆ قەساب قەت ڕێک ناکەون حوشتر و قەزازی هەورامی و سواری، مەلا و ڕمبازی ++++++++++++++++++++++