یاران نەوبەهار، یاران نەوبەهار
خوا نەشئەیەکی وای دا بە بەهار
گیاندار و بێ گیان، زەوی و گیا و دار
خروشا و زەڵمیش کەوتە هاڕە هاڕ
سەری نایە دەشت وێڵ و بێ قەرار
بەشۆڕی شێتی خۆی ئەدا لەدار
شارەزوور بەرگی سەوزی لەبەردا
کەمەری زیوی چەم لە کەمەردا
هەوای بووکێنی تازەی لەسەردا
چەن خوازبێنیکەر لە داخ و دەردا
دەستی لە زاوای نێرەمووک بەردا
لە دەردی سەری نابەکار بێزار
نێرگز بە دیدەی شۆخ و شەنگەوە
پۆڕ بە کناچەی خۆش ئاهەنگەوە
راوکەر بە شوێنیا بە تفەنگەوە
نێرەکەر بە جۆش زەڕو دەنگەوە
هەندێ بە سەودای قەنگەی بەنگەوە
هەریەک بە ڕەنگێ کەوتوونە ڕووی کار