دوێنێ بەیانی چوومە قەراغ شار
خەیمەی بەهار بوو دیارە و دیار
لە پرشەی ئاونگ بە تیشکی هەتاو
گوڵ چووبووە شێوەی بووکی سەر بەدراو
شنەی بای بەهار ئەیدا لە خونچە
ئەیگەشانەوە و لای ئەدا پەچە
نەک دڵێک سەد دڵ ئاواتە خوازی
ئەو پێکەنینە و کریشمە و نازی
هەمیشە بەهار لە کەناری چەم
ببووە لاگیرەو گوڵی سەر پەرچەم
لە رێگاکانا گوڵەزەرد یەکسەر
ببووە زنجیری تەلاری پشتەسەر
قەتارەی نەسرین لە نشێوی شیو
بریسکە ئەدا وەک هەیاسەی زیو
سێپەڕەو مینا بە خنجیلانە
ئەتوت ملوانکەی موروو شیلانە
پەلکی گۆزروان بەسەر گیاوە
جووتەی دڵخوازە وا تێک ئاڵاوە
ئەگریجەی بووکە بەڕەزاو چنوور
چارەچەقیلە بۆتە تارای سوور
بەلیس گیای پیشۆک ئەدۆزرێتەوە
وێنەی پرچی کچ ئەهۆنرێتەوە
گوڵی زەرد و سوور لەگەڵ ئەرخەوان
وەک جسری مۆدە بەرۆژی شەموان
شەوبۆو رەیحانە و کەنێرو گیابەن
پەکی لاوانتەی ئەوروپا ئەخەن
شنگ و هەڵەکووک چەورە و پێقەلە
چاوبازەو بزنە رەشەو خەرتەلە
کاشمەو بەڕەزا لووشەو ترشۆکە
کوزەڵەو کاردوو پونگەو بەنگووکە
تۆڵەکە و جاترە و شویت بەڕیزە
کەرەوز، تەرخون، پیاز، تەڕەتیزە
ئەمانە هەمووی کە گیای بەهارن
هەر یەک بۆ دەردێک دەرمان و چارن
سەوزەڵەو نازدار بە لەنجەو لارن
تازە کیژۆڵەی تیپی گوڵزارن
کارێزی شەریف مەڵبەندی جوانان
ئاخی بۆ ئەبەن پەری ئاسمانان
ئەو ئاوە جوانە لەو دەشتە وێڵە
چاوی قرژانگی لە چاوا لێڵە
هاڕە هاڕی دێ لەو کۆڕە شیوە
وەک سەرچۆپی کێش دێتە قریوە
ناز ناز و نێرگز، شەوپۆو گەزیزە
هەڵدەپەڕین وەک کچان بەڕیزە
دەستیان گرتبوو پڕ جۆش و خرۆش
گۆرانیبێژیان بولبولی دەنگ خۆش
بە سۆز و ناڵە پیاوی ئەگریان
وەک کای کۆن دڵی منی ئەسووتان
دار و گیا و گیاندار پڕ نەشئەو دڵخۆش
من و وەنەوشە ملکەچ و شین پۆش
ئەو پابەندی خاک کۆنە هەواران
من دڵبەندی خاک مەزاری یاران