ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
ئەرێ شۆڕەبی سەر حەوزەکەمان
تۆ سێبەرێ بووی هاوینان بۆمان

بەهار بە لەنجە و لاری خەرامان
شنەت ئەبوو بە باوەشێنی گیان

بە بەرگی سەوزی تاوسی کاڵات
حەوزەکە ببووە ئاوێنەی باڵات

ئێستە بۆ ڕووت و بێ بەرگ و باری
سەرشۆڕ و ڕەنگ زەرد کز و غەمباری

وتی: وێنەی تۆم بەبێ زیاد و کەم
لە ماڵی تۆ دام وا لە تۆ ئەکەم

جوانی بەهارم من کە شۆڕەبیم
لە ترسی پاییز وا کەوتوومە بیم

هیچ نەبێ بەهار من سەوز ئەبمەوە
ئێوە پیریتان تاریکەشەوە
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی یه‌که‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٢٦٣و٢٦٤.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٢٢٣.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit