ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد بەشی شیعری ویژدانی
١٠. وشکه‌ سۆفیه‌کان
وشکە سۆفیەکان بەهەشتیان ئەوێ
بۆ ئەوەی حۆری و کۆشکیان بەرکەوێ

یادی تۆم لە هەر شوێنێ دەستکەوێ
بەهەشت دۆزەخی لێ پڕ نامەوێ

ئاڵتونم هەیە کە هەر بیژمێرم؟
ناچارم ئەبێ بە تۆ ڕابویرم

نائومیدییە و بێ موبالاتی
حەڵاڵخۆریە و کەم دەسەڵاتی

ماڵدار مالی برد من ڕه‌زای خوایی
ماڵ له کورتیه و ڕه‌زا له زیایی

هه‌ی قه‌له‌نده‌ری چه‌ند سه‌بوکباری
له ڕیش و سمێڵ به‌ریت یه‌کجاری

جاران ئه‌مانوت قه‌له‌نده‌رییه
له ڕیش و سمێڵ بۆیه به‌رییه

خۆ ئێستا ڕیش و سمێڵ مه‌ترووکه
هه‌رچی ئه‌بینی وه‌ک تازه بووکه

عومری ئه‌و ڕیشه زبره نه‌مێنێ
که له ڕوومه‌ت که‌وت دای ئه‌چڵه‌کێنێ

من ئه‌ڵێم: ئه‌وه‌ی که خاوه‌ن ڕیشه
ئاین و ئۆینی کردووه به پیشه

خوایه من ئه‌گه‌ر خواهیشتی خۆم بێ
بۆچی بمه‌وێ که ملم کوم بێ

باری گوناهم ئه‌گه‌ر له مله
بناوانه‌که‌ی باوکم وا شله

ئه‌و نه‌یئه‌زانی شه‌یتان نایه‌وێ
کوێخایی عه‌رش و قورشی به‌رکه‌وێ

ئێمه ئه‌یزانین که ئه‌و شه‌یتانه
بۆ له ڕێ بردن له په‌یجۆرمانه

ته‌فره‌مان بدا به ده‌نکه گه‌نم
وا چاکه بمانخه‌یته جه‌هه‌نه‌م
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی یه‌که‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٢٧٠و٢٧١.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٢٣٠و٢٣١.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit