ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد بەشی شیعری ویژدانی
٨. یاران کوێخایی
یاران کوێخایی، یاران کوێخایی
کارێکی پێم کرد، دەردی کوێخایی

لەگەڵ مامەوە که‌وتمە تەنهایی
زەبوونی کردم، دەردی ریسوایی

کوێخایی لێم بوو بە تەختی شایی
لە دەستیان سەندم هەر بەخۆرایی

داخم ئەو داخە کە بە شیربایی
گەینە کوێخایی و لەخۆبوون بایی

لە دڵما نەما ئاهەنگ و شایی
لە چاومان ون بوو نووری بینایی

زیکری مەولەوی و ڕەقسی سەمایی
بۆ من بووبوونە سڕی سەمایی

وەک گێژەڵووکەی خێڵی دوایی
عومری کوێخایی خستە کۆتایی

خووی جیهان وایە بەبێ وەفایی
لای کەس نەماوە بۆی ئاشنایی

ئەگەر بۆم ڕێکەوت بەخواستی خوایی
بوومەوه‌ کوێخا بە دڵنەوایی

سەد دەورەم بدەن ڕووتەی ئاوایی
بە کلکەلەقێی کەس نابم بایی
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی یه‌که‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٢٦٢و٢٦٣.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٢٢٢.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit