ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
٨٩. گا دەسووتێم گا دەگریێم غەرقی ئاو و ئاورم
گا دەسووتێم گا دەگریێم غەرقی ئاو و ئاورم
ئاخ لەبەر بەختی سیا! نازانم ئەز بۆچ نامرم؟
هەر کە دەتبینم دەڵێی تۆ شەم و منیش پەروانەتم
تا سەراپا نەبمە کۆی زووخاڵ قەد ئارام ناگرم
هەر ڕەگم تارێکە ناڵەی دێ لە شەوقی ڕوویی تۆ
عەندەلیبم، موتریبم، خۆشخوانی گوڵ ڕامشگەرم
زولف و ڕوو، باڵا و ئەبرۆ و خەتت و خاڵ و چاوی کاڵ
لەو تەلیسمی حەوت‏خوان زۆر موشکیلە ڕۆح دەربەرم
عەکسی زولف و ڕووتە مایەی جۆششی گریانی من
چ بکەم ئاخر چاو پڕاوی دوودی عوودی مەجمەرم
حەقمە خوێن بگریم لە بێدادی خەت و جەوری نیگا
من کە گیرۆدەی فەڕەنگ، یەخسیری دەستی کافرم
پێکەنینت جەزبی کردم بۆ سەر و زولفی سیاه
تووتیی شیرین کەلام پابەندی داوی شەککەرم
گاه پەرێشانی ڕوخ و گا دڵشکستەی قامەتم
هەر وە زولفی تۆ دەچم سەرگەشتە و سەوداسەرم
گەر بە ناز هەر دەمکوژی با تێر ببینم چاوەکەت
لێم‏گەڕێ جارێ بە کووچەی مەیفرۆشان ڕابرم
دوور لە تۆ زۆر بێقەرار بووم تا بە لوتفی چاوەکان
زەحمەتت دا بەر تەبیبان هاتی ئەمڕۆ چاترم
حاسڵی سەیر و سلووکم بوو بە خەندەی زاری تۆ
گەه بەقا، گاهێ فەنا، گەه غائیب و گەه حازرم
زاهید ئینسافت هەبێ، تۆ چت لە ڕەندی بادەخوار؟
تۆ و بەهەشت، تۆ و حوور و غیلمان، ئەمن و چاوی دڵبەرم
وەک وەفایی دڵ بدە دین دانێ بۆ ساحەب دڵێک
دا بزانی بۆچی من عاشق بە حوسنی مەزهەرم

پەراوێز edit