ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
٨٨. دەمێک ساقی دەمت بێنە دەخیلی چاوەکانت بم
دەمێک ساقی دەمت بێنە دەخیلی چاوەکانت بم
بە جامێک دەستی من بگرە فیدای پیری موغانت بم
لە دوو لا مەست و حەیرانم، بە قووەی جەزبە نازانم
نە سەرگەردی سەر و گەردەن، نە قوربانی لەبانت بم؟
چ خۆشە وەجدی سەرو و گوڵ، بە دینی قومریی و بولبول
دەمێک شەیدای قەد و باڵات، دەمێک شێتی دەهانت بم
لە نیشانەی پەڕەی جەرگم نەوەستا تا نەگەییە دڵ
بە قوربانی خەدەنگی دەست و بازووی چاوەکانت بم
شیفای دام غەمزەکەی چاوت کە وا خوێنی دڵی گرتم
بە قوربانی موداوایی حەکیمی حاڵزانت بم
بەبێ ئیمدادی خاڵی گەردنت دەردم شیفای نایە
مەگەر بێم دەست و دامانی گەلاوێژی بەیانت بم
لە وەسڵی ڕوویی تۆی کردم حیجابی پێچشی زولفت
هەتا کەی دڵشکستەی دەرد و تەعنەی باغەبانت بم؟
موقیمی خاکی دەرکەی تۆ حەریمی جەننەتە جێگای
بە لوتفی تۆ چ کەم نابێ منیش ڕیزەی سەگانت بم؟
بە زولفی پڕ لە هاواری دڵان کەوتووم، دەسا ڕوحمێ
ئەمان سەرقافڵەچی قوربانی زەنگی کارەوانت بم
لەوی ڕۆژێ کە ڕووت وا کرد و لێت پرسیم، هەتا دەمرم
بە بۆی جەننەت دەبێ من هەر لەسەر ڕازی نیهانت بم
برۆت تێکنا، دەمت وێکنا، لە دەریای لوتفی تۆ دوورە
لە قوربی قابەقەوسەین و مەقامی لامەکانت بم
ئەمن کورد و دڵ ئیفتادە، ئەتۆ شۆخ و عەرەب‏زادە
مەگەر بمرم بە بەختی خۆم دەمێکی هەمزوبانت بم
بە یادی زولف و ڕووی تۆ وەک «وەفایی» هەر دەناڵێنم
دەبێ تا ڕۆژی مەحشەر تازیەدار و ڕەوزەخوانت بم

پەراوێز edit