شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: دەمێک ساقی دەمت بێنە دەخیلی چاوەکانت بم دەمێک ساقی دەمت بێنە دەخیلی چاوەکانت بم بە جامێک دەستی من بگرە فیدای پیری موغانت بم لە دوو لا مەست و حەیرانم، بە قووەی جەزبە نازانم نە سەرگەردی سەر و گەردەن، نە قوربانی لەبانت بم؟ چ خۆشە وەجدی سەرو و گوڵ، بە دینی قومریی و بولبول دەمێک شەیدای قەد و باڵات، دەمێک شێتی دەهانت بم لە نیشانەی پەڕەی جەرگم نەوەستا تا نەگەییە دڵ بە قوربانی خەدەنگی دەست و بازووی چاوەکانت بم شیفای دام غەمزەکەی چاوت کە وا خوێنی دڵی گرتم بە قوربانی موداوایی حەکیمی حاڵزانت بم بەبێ ئیمدادی خاڵی گەردنت دەردم شیفای نایە مەگەر بێم دەست و دامانی گەلاوێژی بەیانت بم لە وەسڵی ڕوویی تۆی کردم حیجابی پێچشی زولفت هەتا کەی دڵشکستەی دەرد و تەعنەی باغەبانت بم؟ موقیمی خاکی دەرکەی تۆ حەریمی جەننەتە جێگای بە لوتفی تۆ چ کەم نابێ منیش ڕیزەی سەگانت بم؟ بە زولفی پڕ لە هاواری دڵان کەوتووم، دەسا ڕوحمێ ئەمان سەرقافڵەچی قوربانی زەنگی کارەوانت بم لەوی ڕۆژێ کە ڕووت وا کرد و لێت پرسیم، هەتا دەمرم بە بۆی جەننەت دەبێ من هەر لەسەر ڕازی نیهانت بم برۆت تێکنا، دەمت وێکنا، لە دەریای لوتفی تۆ دوورە لە قوربی قابەقەوسەین و مەقامی لامەکانت بم ئەمن کورد و دڵ ئیفتادە، ئەتۆ شۆخ و عەرەب‏زادە مەگەر بمرم بە بەختی خۆم دەمێکی هەمزوبانت بم بە یادی زولف و ڕووی تۆ وەک «وەفایی» هەر دەناڵێنم دەبێ تا ڕۆژی مەحشەر تازیەدار و ڕەوزەخوانت بم ++++++++++++++++++++++