شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: گا دەسووتێم گا دەگریێم غەرقی ئاو و ئاورم گا دەسووتێم گا دەگریێم غەرقی ئاو و ئاورم ئاخ لەبەر بەختی سیا! نازانم ئەز بۆچ نامرم؟ هەر کە دەتبینم دەڵێی تۆ شەم و منیش پەروانەتم تا سەراپا نەبمە کۆی زووخاڵ قەد ئارام ناگرم هەر ڕەگم تارێکە ناڵەی دێ لە شەوقی ڕوویی تۆ عەندەلیبم، موتریبم، خۆشخوانی گوڵ ڕامشگەرم زولف و ڕوو، باڵا و ئەبرۆ و خەتت و خاڵ و چاوی کاڵ لەو تەلیسمی حەوت‏خوان زۆر موشکیلە ڕۆح دەربەرم عەکسی زولف و ڕووتە مایەی جۆششی گریانی من چ بکەم ئاخر چاو پڕاوی دوودی عوودی مەجمەرم حەقمە خوێن بگریم لە بێدادی خەت و جەوری نیگا من کە گیرۆدەی فەڕەنگ، یەخسیری دەستی کافرم پێکەنینت جەزبی کردم بۆ سەر و زولفی سیاه تووتیی شیرین کەلام پابەندی داوی شەککەرم گاه پەرێشانی ڕوخ و گا دڵشکستەی قامەتم هەر وە زولفی تۆ دەچم سەرگەشتە و سەوداسەرم گەر بە ناز هەر دەمکوژی با تێر ببینم چاوەکەت لێم‏گەڕێ جارێ بە کووچەی مەیفرۆشان ڕابرم دوور لە تۆ زۆر بێقەرار بووم تا بە لوتفی چاوەکان زەحمەتت دا بەر تەبیبان هاتی ئەمڕۆ چاترم حاسڵی سەیر و سلووکم بوو بە خەندەی زاری تۆ گەه بەقا، گاهێ فەنا، گەه غائیب و گەه حازرم زاهید ئینسافت هەبێ، تۆ چت لە ڕەندی بادەخوار؟ تۆ و بەهەشت، تۆ و حوور و غیلمان، ئەمن و چاوی دڵبەرم وەک وەفایی دڵ بدە دین دانێ بۆ ساحەب دڵێک دا بزانی بۆچی من عاشق بە حوسنی مەزهەرم ++++++++++++++++++++++