ئاڵەکۆک

ئەحمەد موختار جاف add_a_photo
موختار دیوانی ئەحمەد موختار جاف
٧٦. بە بەردی فیرقەتت شیشەی دڵی بێچارە مەشکێنە
بە بەردی فیرقەتت شیشەی دڵی بێچارە مەشکێنە
لەناو زومرەیی ڕەقیبان عاشقی ئاوارە مەشکێنە
ئەگەر ڕۆح و دڵ و ئیمان تەڵەب کا بیدەرێ عاشق
کە تیفل و خوردساڵە قەت دڵی ئەو یارە مەشکێنە
دەخیلم ئەی نەسیمی سوبحگاهی مەسکەنی دڵمە
پەرێشانی مەکە تۆ زوڵفی ئەو نازدارە مەشکێنە
بە قەتڵ و کوشتنت موختارە عاشق شۆخی شیرینت
لەسەر ڕۆح و دڵت فەرمانی ئەو سالارە مەشکێنە
کە من پەروانەیی شەمعی سەری دوو کوڵمی تۆم جانا
دڵی ئەحمەد بە فیتنەی ئەو سەگی پەتیارە مەشکێنە

پەراوێز edit