لە دەوری خاڵەکەی کوڵمی کە ماری زولفی داناوە
لە سەر تەسویرەکەی ئادەم مەلەک سەد عوزری هێناوە
شەوی میعراجی سوبحانە بە قەددی سەروی تۆی زانی
لە سیدرە جوبڕەئیل بۆیێ لە نیوەی ڕێگە لایداوە
کە شەیتان تاقی میحرابی برۆی تۆی دی وتی: یا ڕەب
لە سوجدەی حەزرەتی ئادەم سەری خۆم بۆچی باداوە!
بەڵام ئەی ویشکەشێخانی زەمانە پێم بڵێن ئاخر
لەبەر چی پەرچەمی ساقی لە سوبحی جەبهە تۆراوە
بەغەیرەز باسی ئەو زارە موهیممە دەرکی ئەو زارە
ئەوی بیستوومە بیستوومە، ئەوی دیتوومە دامناوە
چ سەییادێکی سەییادی کە بۆ سەییادی ئوستادی
چ هەستی کردووە هەستا چ بازی بەست و وەستاوە
وەرە ڕەبعی دڵ و چاوم بەهەشتی ڕوبعی مەسکونە
هەتا دڵ حەز دەکا باخە هەتا چاو بڕ دەکا ئاوە
نیهایەت بمکوژن وەڵڵا لە ماچی لێوی خۆش نابم
ئەوی خوا حەز نەکا نابێ، ئەوی قەوماوە قەوماوە
لە حەققی مەقدەمی حاجی قوڕی کوێ کەم بە سەر خۆما
دڵێکم بوو لە دنیادا ئەویش بەینێکە تۆراوە