زوڵف و ئەگریجەی یار چەندە تەبایە
وێنەی جەماڵی یار لە دڵی مندایە
شا بۆی گەدایە، گەداش فیدایە
ڕوح بۆی نەمایە، هەر بێ وەفایە
چونکە مەشرەبی یار جەور و جەفایە!
سەد ماشەڵڵا یارم چەندە بە نازە
دڵم دەسووتێنێ بەم چاوەبازە
گەردەنی قازە، شەهێن و بازە
بۆ ڕوح دڵخوازە، بە عیشوە و نازە
لێوی پشکوتووە وەک غونچەی تازە
هەڵسە چاوەکەم یار وەعدەی جارانە
ئاسمان وەکوو من ئەسیری تابانە
شایی و سەیرانە، لەناو ڕەزانە
ڕووی چەندە جوانە، وێنەی گوڵانە
بەهارە ئەمڕۆکە جەژنی عاشقانە