ئاڵەکۆک

دڵدار add_a_photo
دڵدار دیوانی دڵدار
١٦. نائومێدی
زەدەی تیری نیگاهی فیتنەپەردازی نیگارێکم
گیراوی داوی زوڵفی موشکباری گوڵعوزارێکم
ئەوی نەیدیبێ نێشی دڵ و یا ئازاری دڵداری
چووزانێ من لە ئێشانی چە سووتان و فگارێکم
لە دەشتی نائومێدیدا بەدەم بایی قەدەر هەر وەک
پەڵاشێ وام کە هەر ساتە لە گۆشە یا کەنارێکم
بە ڕوژ ترساو و تاساوی زڕەی کاسەی شەوی پێشووم
بە شەو سەرخۆش و مەستی جامی قەهری ڕۆژگارێکم
ئەرێ ئەی دەستی دڵسۆزم بەبێ سووچ من مەڕەنجێنە
سەبر دەرمانی دڵ ناکا کە من پەیوەندی یارێکم
سەر و مایەی جەوانی خۆم لە ڕێگەی ڕازی ئەو دانا
لە دەرگانەی وەفای هێشتا هەژار و لێوبەبارێکم
ئەبێ چون پشت بە دڵداریم ببەستم تاکوو ئێستێکە
گەلێ دوورین لە یەکتر ئەو لە بارێ من لە بارێکم
بەغدا

پەراوێز edit