شاعیر: دڵدار کتێب: دیوانی دڵدار سەرناو: نائومێدی سەبارەت: بەغدا زەدەی تیری نیگاهی فیتنەپەردازی نیگارێکم گیراوی داوی زوڵفی موشکباری گوڵعوزارێکم ئەوی نەیدیبێ نێشی دڵ و یا ئازاری دڵداری چووزانێ من لە ئێشانی چە سووتان و فگارێکم لە دەشتی نائومێدیدا بەدەم بایی قەدەر هەر وەک پەڵاشێ وام کە هەر ساتە لە گۆشە یا کەنارێکم بە ڕوژ ترساو و تاساوی زڕەی کاسەی شەوی پێشووم بە شەو سەرخۆش و مەستی جامی قەهری ڕۆژگارێکم ئەرێ ئەی دەستی دڵسۆزم بەبێ سووچ من مەڕەنجێنە سەبر دەرمانی دڵ ناکا کە من پەیوەندی یارێکم سەر و مایەی جەوانی خۆم لە ڕێگەی ڕازی ئەو دانا لە دەرگانەی وەفای هێشتا هەژار و لێوبەبارێکم ئەبێ چون پشت بە دڵداریم ببەستم تاکوو ئێستێکە گەلێ دوورین لە یەکتر ئەو لە بارێ من لە بارێکم ++++++++++++++++++++++